فڵای دووبەی: گەشتەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای فلای دووبەی ئیماراتی، گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە. بەرپرسێکی کۆمپانیاکە دەڵێت، سبەی گەشتەکانیان دەستپێدەکاتەوە. 
 
ئەمڕۆ (شەممە، 26-10-2024) هومام تائی، بەرپرسی نووسینگەی فرۆشتن ـی کۆمپانیای ئاسمانیی فلای دووبەی لە بەغدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تەنیا گەشتەکانی ئەمڕۆ (26ـی 10) هەڵوەشاونەتەوە و سبەی گەشتەکانیان دەستپێدەکەنەوە.
 
بەگوتەی هومام تائی، فلای دووبەی رۆژانە گەشتی ئاسمانی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر، بەغدا و نەجەف هەیە، هەروەها هەفتانە سێ گەشتی ئاسمانیی بۆ سلێمانی و بەسرە هەیە. 
 
ئەمڕۆ کۆمپانیای فلای دووبەی بڵاویکردەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ هەریەک لە عێراق، ئێران، ئوردن و ئیسرائیل هەڵوەشاندەوە، ئەوەش لەپێناو سەلامەتی و ئاسوودەیی گەشتیارانی. 
 
بەهۆی هێرشی ئیسرائیل دژی ئێران، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ئاسمانی عێراق بەڕووی هاتووچۆی فڕۆکەدا داخرا. کاژێر 09:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە رووداوی گوت، "ئاسمانی عێراق بە ڕووی فڕۆکە بۆ گەشتی ئاسمانی کرایەوە."
 
هاوکات ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاسایی بوونەوە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیش ئاسایی بوونەتەوە.