سوپای ئیسرائیل: ئامانجەکانمان لە ئێران بە وردی پێکان

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە هێرشەکەی ئەمڕۆدا دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و سیستمی بەرگریی مووشەکیی زەوی بە ئاسمانیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج و ئامانجەکانیان بە وردی پێکاون.
 
ئەمڕۆ شەممە 26-10-2024، کەمال پنحاسی، گوتەبێژی فارسیزمانی سوپای ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، هێرشەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی سوپاکە بۆ سەر ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی "رژێمی ئێران" بوو بۆ سەر ئیسرائیل.
 
کەمال پنحاسی گوتی، "ئێمە بە وردی هێرشمان کردە سەر ژمارەیەک ئامانج لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران، وەک ناوەندەکانی دروستکردنی مووشەک کە رژێمی ئێران ئیسرائیلی پێ کردووەتە ئامانج و مەترسیی راستەوخۆ بوون بۆ سەر هاووڵاتییانی ئیسرائیل."
 
گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل باسی لەوە کرد، لە هێرشەکەدا سیستمی بەرگریی مووشەکیی زەوی بە ئاسمان و بەگشتی توانای بەرگریی ئاسمانیی ئێران کراونەتە ئامانج کە هەوڵی سنووردارکردنی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکەی ئیسرائیلیان داوە.
 
کەمال پنحاسی گوتی، "سەرجەم ئامانجەکانمان پێکاون. کۆماری ئیسلامیی ئێران دوو جار هێرشی کردە سەر خاکی ئیسرائیل و خەڵکی سڤیلی خستبوووە مەترسییەوە و [ئێستاش] باجەکەی دا."
 
گوتەبێژی فارسیزمانی سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕوو، "رژێمی ئێران جگە لەوەی هەوڵ دەدات زەبر لە ئیسرائیل بدات، دەیەوێت سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئابووریی جیهان بخاتە مەترسییەوە."
 
کەمال پنحاسی گوتیشی، ئەو ئامانجانەی کە بە بڕیاری بەرپرسانی سیاسیی وڵاتەکەی هێرشیان کرایە سەر "لە کۆمەڵە ئامانجێک هەڵبژێردراون. دەتوانین ئامانجی دیکەش هەڵبژێرین و لەکاتی پێویستدا هێرشیان بکەینە سەر." 
 
کەمال پنحاسی باس لەوە دەکات، "ئەگەر رژێمی ئێران درێژە بە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و هاووڵاتیانی بدات، ئیسرائیل ئەو ماف و ئەرکەی هەیە کە بەرگری لە هاووڵاتییانی خۆی بکات."
 
گوتەبێژەکەی سوپای وڵاتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "سوپای ئیسرائیل لە بواری هێرشکردن و بەرگریکردن لەوپەڕی ئامادەییدایە و ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئامادەیی خۆمان لە هێرشکردنە سەر هەر شوێنێک لە هەر کاتێکدا پشتڕاستکردەوە."
 
ئەم بەیانییەش بارەگای بەرگریی ئاسمانیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، "سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی کردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام."
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانیی وڵاتەکە "سەرکەوتوو" بووە و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە کە قەبارەکەی لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.