سعودیە سەرکۆنەی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سعودیە سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات و بە "پێشێلکردنی سەروەریی خاکی ئێران و یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناوی دەبات.
 
ئەمڕۆ شەممە 26-10-2024 وەزارەتی دەرەوەی سعودیە راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، سعودیە بەئامانجگرتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرکۆنە دەکات. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوە "پێشێلکردنی سەروەریی خاکی ئێران و یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "شانشینی سعودیە جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە رەتکردنەوەی بەردەوامیی گرژییەکان لە ناوچەکەدا دەکاتەوە. زیادبوونی گرژییەکان هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و خەڵکی ناوچەکە دەکات."
 
سعودیە داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات رۆڵی خۆی لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەدا بگێڕێت.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە تاران و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئێران بیستران و سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکەنە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران دا."
 
دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە، بارەگای بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، "سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی کردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام."
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە "سەرکەوتوو" بووە و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە "سەرکەوتوو بووە" و ئەو فڕۆکانەی هێرشەکەیان کردووە، گەڕاونەتەوە بنکەی سەربازیی خۆیان.