موقاوەمەی ئیسلامی: هێرشمانکردە سەر شاری عەکا لە ئیسرائیل

26-10-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند، چەکدارەکانیان بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل؛ ئەمەش دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردە سەر تاران.
 
رۆژی شەممە، 26-10-2024، موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند، لە بەرەبەیان چەکدارەکانیان بە درۆنێک هێرشیان کردە سەر شاری عەکا لە باکووری ئیسرائیل.
 
گرووپەکەی نزیک لە ئێران هیچ زانیارییەکیان لەسەر زیانەکانی هێرشەکە بڵاونەکردەوە. ئەم هێرشە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چەند هێرشێکی وردیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی سەربازی لە ئێران.
 
دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی: "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێراندا."
 
هەگاری گوتی: "رژمێی ئێران و هێزە بەوەکالەتەکانی لە ناوچەکە، لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە بێوچان لە حەوت بەرەوە هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، لە نێویاندا هێرشی راستەوخۆ لە خاکی ئێرانەوە."
 
دوای هێرشەکە، شۆن ساڤێت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران رایگەیاند: "هێرشە ئامانجدارەکانی سەر پێگە سەربازییەکان بەرگری لەخۆکردن بوو."
 
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە دیاریکراوی لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد، ئەوکات ئێران رایگەیاند، ئەوان بەشداریی هێرشەکەی حەماسیان بۆ سەر ئیسرائیل نەکردووە بەلام ستایشی هێرشەکەیان کرد. 
 
رۆژی 13-04-2024 ئێران ژمارەیەک درۆن و مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. ئەمە یەکەم هێرشی راستەوخۆی ئێران بوو بۆ سەر ئیسرائیل. ئەمریکا رایگەیاند: "پشتگیریی پۆڵایینی ئیسرائیل دەکەین."
 
رۆژی 01-10-2024 ئێران بە نزیکەی 200 مووشەکی بالیستی هێرشی راستەوخۆی کردە سەر ئیسرائیل، ئەمە دووەم هێرشی راستەوخۆ بوو. ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکە زیانی نەبووە و 95٪ـی مووشەکەکانیان بەرپەرچ داونەتەوە. ئیسرائیل بەڵێنی دا وەڵام بداتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە