هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کۆتایی هات

26-10-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێرشی سەر ئێران کە بە (ئۆپەراسیۆنی رۆژانی تەوبەکردن) ناسراوە کۆتایی هات. "ئەگەر ئێران هەڵەیەک بکات و گرژییەکان زیاد بکات، ئێمەش ناچارین وەڵام بدەینەوە." وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشکراوەتە سەر ئەو دامەزراوانە کە مووشەکیان لە دژی ئیسرائیل بەرهەمدەهێنا.
 
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 26-10-2024، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوای بە ئامانجگرتنی کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی ئێران، هێرشەکان کۆتاییان هات. سوپای ئیسرائیل هەروەها رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکان گەڕانەوە بنکەکانی خۆیان.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێراندا."
 
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، سیستمی بەرگری بەرپەرچی مووشەکەکانی داوەتەوە.
 
دوای تەواوبوونی هێرشەکان، سوپای ئیسرائیل گوتی: "هێرشمان کردە سەر چەند سیستمێکی بەرگریی ئێران. ئەگەر ئێران هەڵەیەک بکات و گرژییەکان زیاد بکات؛ ئێمەش ناچار دەبین وەڵام بدەینەوە."
 
دوای هێرشەکە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند: "لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل قسەیانکرد. ئۆستن جەختی کردەوە دەبێت پێگەی هێزە ئەمریکییەکان بەهێزتر بکرێن، بۆ ئەوەی بەرگریی لە ئەمریکییەکان، ئیسرائیل و هاوبەشەکانی ناوچەکە بکەن."
 
ئیسرائیل ناوی لە ئۆپەراسیۆنەکە نا (رۆژانی تەوبەکردن) و هێرشەکانی بە "هێرشی ورد" وەسفکرد. لە هێرشەکەدا، بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، هیچ بنکەیەکی ئەتۆمی و وزەی ئێران نەکرایە ئامانج.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "فڕۆکەکانمان بە سەلامەتی گەڕانەوە نیشتمان. هێرشەکان لە تۆڵەی ئەو هێرشەی ئێران کرا کە کردییە سەر هاوڵاتییان و دەوڵەتی ئیسرائیل. هێرشەکان کۆتاییان هات و ئەرکەکەش بەجێهات."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکان ئەو دامەزراوانەیان کردە ئامانج کە مووشەکیان لێ دروستدەکرێت و پێشتریش بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل مووشەکیان بەرهەمهێنابوو؛ "ئەو مووشەکانە هەڕەشەیەکی مسۆگەربوون بۆ سەر هاووڵاتییەکانمان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە