ئەردۆغان: بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هاوئاهەنگیمان لەگەڵ عێراق باشتر کردووە
رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، لە دیداری نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدا پەیوەندیی نێوان دوو وڵات و پرسە جیهانییەکان تاوتوێ کران.
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی 79یەمینی خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، رەجەب تەیب ئەردۆغان و محەممەد شیاع سوودانی رۆژی چوارشەممە، 25-9-2024، کۆبوونەوە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا راگەیێندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکە بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەیکرد لە دیدارەکەدا، پەیوەندییە دووقۆلییەکانی نێوان تورکیا و عێراق، ھەروەھا ژمارەیەک پرسی ھەرێمی و جیھانی تاوتوێ کران.
راشیگەیاندووە لە دیدارەکەدا، ئەردۆغان جەختی لەوە کردووەتەوە کە تورکیا و عێراق وەک دوو وڵاتی دراوسێ ھەنگاویان بەرەو باشترکردنی هاوئاهەنگیی نێوانیان ناوە کە سوودی بۆ ھەردوو وڵات و ناوچەکە دەبێت، بە تایبەتیش لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و ھاریکاریی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی 'تیرۆر'دا.
هەر بەگوێرەی راگەیاندراوەکە ئەردۆغان بە پێویستی زانیوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەوڵی زیاتر بدات لە پێناو رێگری لە ھەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ پەرەسەندنی ململانێکان لە ناوچەکەدا.
ھەروەھا ئەردۆغان رایگەیاندووە: "بەدڵنیاییەوە ئیسرائیل لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لە فەڵەستین کردوونی، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت".
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 24-9-2024 لە گوتاری 79یەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیدا لەبارەی عێراق گوتی:" عێراق لە گەشەپێدان، ئاوەدانکردنەوە و یەکخستندا هەنگاوی پێداگرانە دەنێت. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لەو هەوڵانەی عێراق بکات. هاوشێوەی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان، جێبەجێکردنی ئەو دەستپێشخەرییانەی سوود بە تەواوی ناوچەکە دەگەیێنن، لەمڕووەوە زۆر زۆر گرنگن. سەرکەوتنی تەواوی ئەو هەوڵانە پەیوەندیدارە بە لەنێوچوونی هەڕەشەکانی تیرۆر، لە سەرووی هەمووشیانەوە پەکەکە".
رۆژی 22-4-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی بەغدا و دواتریش سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.