رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا پێشنیازی 21 رۆژ ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دەکەن، ئەمەش لەدوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی لوبنان و فراوانبوونی بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و وەڵامەکانی حیزبوڵڵا.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی تایبەت بە دۆخی لوبنان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا کرد و تێیدا 12 وڵاتی زلهێزی ئەندام لەو ئەنجوومەنە، پێشنیازێکی 21 رۆژ ئاگربەستی کاتییان لە لوبنان و چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە راگەیاند.
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، ئەو 12 وڵاتە کە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیایان تێدایە، رایانگەیاند: "ئاڵۆزییەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئەگەری فراوانبوونی ئەو گرژییانە بە ناوچەکەدا هەیە، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە بەتایبەتی خەڵکی ئیسرائیل و لوبنان."
ئەو راگەیێندراوە هاوبەشە و هۆشدارییەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەدوای ئەوە دێت کە فەرماندەی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان لە دژی پێگەکانی حیزبوڵڵا، رەنگە قۆناخی یەکەم بێت لە "چوونە نێو خاکی دوژمنەوە"، وەکو ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی هێرشی زەوینیی سوپاکەیان بۆ نێو خاکی لوبنان.
راگەیێندراوە هاوبەشەکە بێجگە لە وڵاتانی زلهێز، لەلایەن ئوسترالیا، کەنەدا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، سعودیە، قەتەر و ئیماراتیشەوە واژۆ کراوە.
لەپاش راگەیێندراوەکەش، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەوان هەوڵەکانیان بۆ رێگری لە فراوانبوونی جەنگەکە بەردەوامە و زۆر لە وڵاتانی ئەورووپی و عەرەبیش پشتیوانی لە هەوڵەکانیان دەکەن.
لەبارەی ئۆپەراسیۆنە چوار رۆژییەکەی ئیسرائیلیش، نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند وڵاتەکەی "رووبەڕووی پێشێلکارییەکی زەقی سەروەری خاکەکەی و مافەکانی مرۆڤ بووەتەوە لە رێگەی کردارە دڕندەکانی ئیسرائیلی دوژمن."
هەروەها سەرۆکوەزیران هیوای خواست تاوەکو نەتەوە یەکگرتووەکان بەجێدەهێڵێت، لایەنەکان بگەنە چارەسەرێک و گوشاری زیاتر بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەهەموو بەرەکاندا.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بگاتە نیویۆرک و هەر ئەو رۆژە بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتان بکات و بڕیاریشە رۆژی هەینی لەبەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتارێک پێشکێش بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ