ئێران: هێرشەکەی حیزبوڵڵا سەلماندی ئیسرائیل توانای هێرشی کاریگەر و بەرپەرچدانەوەی نەماوە

26-08-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئێران ستایشی هێرشە مووشەکی و دۆرنییەکەی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەی حیزبوڵڵای لوبنانی بۆ سەر ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، نەیارە مێژووییەکە توانای رێگریکردنی ئەوجۆرە هێرشانەی لەدەستداوە.
 
رۆژی دووشەممە، 26ی ئابی 2024، ناسڕ کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، لەبارەی هێرشەکانی حیزبوڵڵاوە نووسیویەتی: هێرشەکان گەیشتوونەتە قووڵایی ناوچەکانی داگیرکار. رژێمی زایۆنی رەنگە بتوانێت خۆی بشارێتەوە یان هەندێ راستی دەستکاریی بکات و سانسۆریان بکات لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی حیزبوڵڵای لوبنان، بەڵام زۆر باش دەزانێت ئەو راستییانەی هەن کە ناتوانێت بیانگۆڕێت".
 
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی لە پەیامەکەیدا لە ئێکس نووسیوویەتی، "سوپای تیرۆرستی ئیسرائیل توانای هێرشی کاریگەر و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی نەماوە و دەبێت بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر بە هێرشە ستراتیژییەکان".
 
کەنعانی رەخنەی لە ئەمریکا گرت لە بەرامبەر "پاڵپشتییە فراوانەکەی" بۆ ئیسرائیل، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەو پاڵپشتییانە "هەر شکستیان هێنا لە دیاریکردنی کات و شوێنی کردەوەکانی حیزبوڵڵا".
 
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمنیداری گشتیی بزووتنەوەی حیزبوڵڵا، لەدوای هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل لە گوتارێکدا رایگەیاند، لە ‌هێرشەکانیاندا بۆ ناوچەکانی جەلیلی سەروو لە باکووری ئیسرائیل، گەورەترین بنکەی سەرەکی هەواڵگریی سەربازی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج، بەڵام سوپای ئیسرائیل رەتیکردەوە بنکەکەیان رووبەڕووی هیچ هێرشێک بووبێتەوە. 
 
لەلایەکی دیکەوە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە ئێکس، هێرشەکانی رۆژی یەکشەممەی حیزبوڵڵای بۆ سەر ئیسرائیل بە "شکستی" هێزەکانی ئیسرائیلی لە جەنگی 2006ی دژی حیزبوڵڵا بەراورد کرد و رایگەیاند، "شکستی ئەمڕۆی ئەو رژێمە هاوشێوەی شکستەکەی ساڵی 2006یانە و ناشتوانن ئەم شکستە بشارنەوە".
 
پێش هێرشە فراوانەکەی حیزبوڵڵا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشێکی پێشوەختەیان بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان کرد و ژمارەیەک سەکۆی هاویشتنی رۆکێتەکانی حیزبوڵڵایان لەنێوبردووە و بەمەش رێگرییان لە هێرشێکی فراوانتر بۆ سەر ئیسرائیل گرتووە. 
 
نەسروڵڵا، لەدرێژەی گوتارەکەیدا، وردەکاری ‌هێرشەکەی حیزبوڵڵای باس کرد و رایگەیاند، لە هێرشەکەدا "340 رۆکێت و مووشەکیان ئاراستەی 11 بنکەی سەربازی" لە باکووری ئیسرائیل کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە