میسر رەتیدەکاتەوە چیدیکە سوپای ئیسرائیل لە سنووری غەززە بمێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هەواڵی فەرمی میسر رایدەگەیێنێت، بەرپرسانی میسر چیدیکە رێگە نادەن کە سوپای ئیسرائیل لەسەر سنووری نێوان میسر و غەززە بمێنێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 26ـی ئابی 2024، ئاژانسی هەواڵی قاهیرە لە زاری چەند بەرپرسێکی میسری رایگەیاند، "بەرپرسانی میسر بە هەموو لایەنەکانیان راگەیاندووە، چیدیکە رێگە نادەن سوپای ئیسرائیل لەسەر سنوور بمێنێتەوە".
یەکێک لەو خاڵانەی کە جگە لە حەماس، میسریش پێداگرە لەسەری؛ ئەوەیە کە دەبێت ئیسرائیل هێزەکانی لە رێڕەوی فیلادێلفی بکشێنێتەوە، ئیسرائیلیش دەڵێت، "بۆ رێگریکردن لە بە قاچاخبردنی چەک لەوێ دەمێنمەوە".
رۆژی 23ـی ئەم مانگە، میدیای ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل پلانێکی نوێی بۆ بەڕێوەبەردنی رێڕەوی فیلادێلفی پێشکێش کردووە.
رێڕەوی فیلادێلفی دەکەوێتە سنووری نێوان باشووری غەززە و میسر و درێژییەکەی 14 کیلۆمەترە.
بەگوێرەی ئەو پلانەی، ئیسڕائیل ژمارەی سەربازەکانی لە رێڕەوەکە کەمدەکاتەوە، بەڵام چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بە میدیای ئەمریکییان راگەیاندووە، بەرپرسانی میسر پێشنیازەکەیان رەتکردووەتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، گەڕێکی دیکەی دانوستاندنی ئاگربەستی غەززە لە قاهیرەی پایتەختی میسر بێ رێککەوتن کۆتاییهات.
هەر ئەمڕۆ عیزەت رشق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە راگەیێندراوێکدا گوتی، شاندی حەماس شەوی رابردوو "دوای کۆبوونەوە لەگەڵ نێوەندگیرانی میسری و قەتەری و ئاگاداربوون لە ئەنجامی دوایین گەڕی دانوستاندن، قاهیرەی جێهێشت".
بە گوتەی رشق، حەماس داوای کردووە ئیسرائیل پابەند بێت بەو "نێوەڕۆک"ـەی لە 2ی تەممووز لەسەری رێککەوتبوون، کە مەبەست لێی ئەو پێشنیازەیە جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا خستییەڕوو و لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی لێکرا.
بەرپرسە فەلەستینییەکە دەڵێت، حەماس جەخت لە ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەی بایدن دەکاتەوە.
پلانەکەی بایدن بۆ ئاگربەست چی بوو؟
رۆژی 31ـی ئایاری ئەم ساڵ، سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی بۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس راگەیاند؛ لە سێ قۆناخ پێکدێت.
قۆناخی یەکەم بریتییە لە ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی کە تێیدا بارمتە ژن، منداڵ و نەخۆشەکان ئازادبکرێن، "سەدان" زیندانی فەڵەستینی لەلایەن تەلئەڤیڤەوە ئازادبکرێن، سوپای ئیسرائیل لە شارەکان بکشێتەوە و رۆژانەش 600 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی بگاتە کەرتی غەززە.
لە قۆناخی دووەمدا، جەنگ بە تەواوی کۆتایی بێت، سوپا بە تەواوی لە کەرتی غەززە بکشێتەوە و هەموو ئەو بارمتانەی ماون ئازاد بکرێن.
قۆناخی سێیەمیش بریتییە لە داڕشتنی پلانێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا و دامەزراندنی حکومەتێک لەو بەشەی فەڵەستین کە حەماس هیچ رۆڵێکی تێدا نەبێت.