ئیسرائیل بۆ تورکیا: نووسینگەی حەماس لە ئیستەنبووڵ دابخەن

26-08-2022
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو - هەولێر 

کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەنقەرە دەڵێت، هەنگاوەکانی تایبەت بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا بەخێرایی بەڕێوەدەچن و داوای لە بەرپرسانی تورکیاش کرد نووسینگەی بزووتنەوەی حەماس لە ئیستەنبووڵ دابخەن. 
 
ئیریت لیلیان، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەنقەرە لە ئێوارەخوانێکدا لەگەڵ رۆژنامەڤانان جەختی لە گرنگیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و دانانی باڵیۆز کردەوە و رایگەیاند، دوای چەند ساڵێک لە لاوازبوونی پەیوەندییەکان، جارێکی دیکە هەوڵ دەدرێت پەیوەندییەکان ئاسایی بکرێنەوە و باڵیۆزی تورکیا لە ئیسرائیل و باڵیۆزی ئیسرائیلیش لە تورکیا دەستبەکاربن. 
 
لیلیان گوتی، دەکرێت لە ماوەی دوو تاوەکو سێ هەفتەی داهاتوودا حکومەتی هەردوو وڵات باڵیۆزەکانیان دیاری بکەن و دەستبەکاربن. 
 
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەنقەرە گوتیشی: "حکومەتی هەردوو وڵات بەپێی پێویست نیگەرانییەکانی یەکدی دەڕەوێننەوە. یەکێک لە چاوەڕوانییەکانی ئێمەش داخستنی نووسینگەی حەماسە لە ئیستەنبووڵ. رەنگە ئێستا ئەم بابەتە زۆر سەرنجی نەخرێتەسەر، بەڵام لە داهاتوودا بەدڵنیاییەوە پێداگری لەسەر دەکرێت. داخستنی ئەو نووسینگەیە پەیوەندییەکانمان بەهێزتر دەکات".
 
سەرەتای پەیوەندەییەکانی ئیسرائیل و تورکیا بۆ ساڵی 1949 دەگەڕێتەوە، کاتێک تورکیا دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیل نا. خاڵی دەستپێکی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2008، ئەوەش بەهۆی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل. 
 
لە ساڵی 2010دا پەیوەندییەکان خراپتر بوون، کاتێک سەربازانی ئیسرائیلی هەڵیانکوتایە سەر کەشتییەکی تورکی کە بەنیازبوو گەمارۆی سەر غەززە بشکێنێت و هاریکاریی بگەیێنێتە فەڵەستینییەکان. لە ساڵانی 2016 و 2017دا، نیمچە ئاساییبوونەوەیەک لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل دروستبوو، بەڵام گرژییەکانی ساڵی 2018ی کەرتی غەززە پەیوەندییەکانی تێکدایەوە. 
 
لە تەممووزی 2021دا و دوای دەستبەکاربوونی هێرزۆگ وەکو سەرۆکی نوێی ئیسرائیل، ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل دەستیپێکرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە