سەتان پارێزەری فەلەستین دژی حکومڕانیی مەحموود عەباس خۆپێشاندان دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەتان پارێزەری فەلەستینی چوونە سەر شەقامەکان و دژی حکومڕانیی مەحموود عەباس، بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، خۆپێشاندانیان کرد.
 
رۆژی دووشەممە 25ی تەممووزی 2022 سەتان پارێزەری فەلەستینی خۆپێشاندانیان دژی "حکومڕانی بە فەرمان" کرد و دروشمیان دژی مەحموود عەباس، سەرۆکی فەلەستین گوتەوە. ئەنجوومەنی یاسادانانی فەلەستین (پەرلەمان) کە بەپێی رێککەوتنی ئاشتیی ئۆسلۆ لەگەڵ ئیسرائیل بڕیاری لەسەردراوە، لە ساڵی 2007 تاوەکو ئێستا کارا نەکراوە، واتە مەحموود عەباس چەندین ساڵە بەبێ بوونی چاودێریی پەرلەمان حوکمی کردووە.
 
سوهەیل ئاشوور، رێکخەری خۆپێشاندانەکە گوتی، "بە جەستە دژی ئەو یاسایانە دەوەستمەوە کە لەلایەن حکومەتی فەلەستینەوە دەرکراون بۆ قەتیسکردنی ماف و ئازادیی فەلەستینییەکان."
 
پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکانی فەلەستین رێگرییان لە خۆپێشاندەران کرد کە بە ئاڕاستەی نووسینگەی محەممەد شتەییە، سەرۆکوەزیرانی فەلەستین دەڕۆیشتن.
 
مەحموود عەباس ساڵی 2005 و دوای مردنی یاسر عەرەفات، سەرۆکی پێشووی فەلەستین، وەکو سەرۆکی فەلەستین هەڵبژێردرا و بزووتنەوەی حەماسیش کە رکابەری حیزبەکەی [بزووتنەوەی فەتح] بوون، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2006 سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. دەنگدانەکەی ساڵی 2006 دووبەرەکیی لەنێوان فەڵەستینییەکان دروستکرد. لە دەرئەنجامدا، لە ساڵی 2007ـەوە تاوەکو ئێستا، کەرتی رۆژئاوا لەلایەن بزووتنەوەی فەتحەوە بەڕێوەدەبرێت و بزووتنەوەی حەماسیش غەززە بەڕێوەدەبات.
 
بەپێی ئامارەکانی شارەزایانی بواری یاسایی فەلەستین، مەحموود عەباس تاوەکو ئێستا 400 بڕیاری سیاسیی دەرکردوون.
 
ساڵی رابردوو مەحموود عەباس رۆژێکی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمان دیاریکرد، بەڵام بە پاساوی ئەوەی ئیسرائیل رێگە نادات لە بەشی رۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم/قودس هەڵبژاردن بکرێت، پلانی هەڵبژاردنەکەی هەڵوەشاندەوە.