رووداو دیجیتاڵ
یەکەم کاروانی حاجیانی سعودی بۆ مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا عەبدولعەزیزەوە گەیشتنە مەککە.
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە لە چوارچێوەی رێنماییە تەندروستییەکاندا رایگەیاندووە، ئەمساڵ نابێت لە 10 هەزار حاجی زیاتر فەریزەی حەج بەجێبهێنن، 70%ی ئەو حاجیانە کەسانی بیانین، 30%ـیان خەڵکی سعودیەن. سەرجەم حاجییەکانیش لە رێگەی تیمێکییەوە سەرپەرشتی دەکرێن تاوەکو هەموو ئەرکەکانی حەج جێبەجێ بکەن کە لە 30ی تەممووزەوە دەستپێدەکات.
حکومەتی سعودیە رایگەیاندووە، هەر حاجییەکیش پێشێلکاری بکات بە بڕی دوو هەزار و 666 دۆلار سزا دەدرێت.
ساڵی 2019 نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس فەریزەی حەجیان بەجێهێنا، ساڵێک پێشتریش تەنیا ژمارەی حاجیانی بیانی لە سەرووی ملیۆنێک و 700 هەزار کەسەوە بوو.
لە چوارچێوەی رێنمایییە تەندروستییەکاندا ئەمساڵ وڵاتانی زۆرینە موسڵمان ناچاربوون مزگەوتەکان دابخەن. لە چەند ناوچەیەک چەند مزگەوتێک بۆ نوێژی بەکۆمەڵ بە رووی موسڵماناندا کرانەوە، ئەویش لەژێر ئەو رێوشوێنەی کە دەبێت هەر نوێژکەرێک مەترێک لەوەی تەنیشت خۆیەوە دووربێت.
لە سعودیە نزیکەی 265 هەزار تووشبووی کۆرۆنا هەن و دوو هەزار و 73 تووشبوویش گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ