ئەمریکا لەسەر پەرەسەندنی جەنگ لەگەڵ لوبنان، ئاگاداری دەداتە ئیسرائیل

26-06-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئەمریکا، ئیسرائیل ئاگادار دەکەنەوە لەوەی هەوڵبدات شەڕ و پێکدادانەکانی باشووری لوبنان هێور بکاتەوە و رێگەنەدات ئەو گرژییانە فراوانتر ببن. وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش رایدەگەیێنێت، "سەرقاڵی رێگەچارەیەکی دیپلۆماسییانەیە بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچە سنوورییەکانی لوبنان و ئیسرائیل."
 
رۆژی سێشەممە لە واشنتن لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی، یواڤ گاڵانت، کۆبوونەوە و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەیان، ئەگەری فراوانبوونی شەڕی نێوان حیزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیل بوو.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا، ئۆستن بە هاوتا ئیسرائیلییەکەی راگەیاند، جەنگێکی دیکە لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، زۆر ئاسان بڵاودەبێتەوە و دەبێتە جەنگێکی ناوچەیی، ئەمەش دەرئەنجامی زۆر خراپی بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە، باشترین رێگەچارە بۆ ئەو قەیرانە نوێیە، بژاردەی دیپلۆماسییە بۆ دامرکاندنەوەی ئەو ئاڵۆزییانەی زیاتر لە هەشت مانگە دروستبوون.
 
لە بەرامبەردا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئێمە و ئەمریکا لە نزیکەوە هاوئاهەنگی دەکەین بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک تاوەکو خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بکەین."
 
کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، پلانی هێرشکردنە سەر لوبنانیان پەسند کردووە و مەبەستیش لەو هێرشانە لەنێوبردنی هەڕەشەکانی حیزبوڵڵایە لەسەر سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل.
 
رۆژێک دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری پار، حیزبوڵڵاش بە مووشەک هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل، لە بەرامبەریشدا سوپای ئیسرائیل بە مووشەک ناوچەکانی باشووری لوبنانی بۆردوومان کرد.
 
بەگوێرەی نوێترین ئاماری ئەو شەڕ و پێکدادانە، نزیکەی 500 کەس لەنێو لوبنان کوژراون، کە زیاتر لە 300یان چەکداری حیزبوڵڵا بوون، لە ئیسرائیلیش 15 سەرباز و 11 سڤیل کوژراون. ئەمەش بێجگە لەوەی لانیکەم 100 هەزار لوبنانی و زیاتر لە 60 هەزار ئیسرائیلییش ئاوارە بوون، لەگەڵ چۆڵکردنی 28 کۆمەڵگەی جوونشین لە ناوچە سنوورییەکان.
 
هەروەها پرسێکی دیکەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا کە بڕیارە وەزیری بەرگری ئیسرائیل لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا باسی بکات، دەستپێکردنەوەی تەواوی هاوکارییە سەربازییەکانی پێنتاگۆنە بۆ ئیسرائیل، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، چوار مانگە هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە