هاوژینی نەتەنیاهوو: سەرکردە سەربازییەکان پلانی کودەتا دژی هاوژینەکەم دادەنێن

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوژینی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەرکردە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بەوە تۆمەتبار دەکات کە هەوڵ دەدەن کودەتا دژی بنیامین نەتەنیاهوو ئەنجام بدەن.
 
رۆژی سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024 سارا نەتەنیاهوو، هاوژینی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە میدیاکانی راگەیاند، "هێزەکانی ئیسرائیل بەدوای ئەوەوەن کودەتایەکی سەربازی دژی هاوژینەکەم ئەنجام بدەن."
 
میدیای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، هاوژینی نەتەنیاهوو لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کەسوکاری ئەو کەسانەی حەماس لە غەززە بە بارمتە گرتوونی ئەو قسانەی کردووە.
 
ئەوە یەکەم کەس نییە لە خێزانی نەتەنیاهوو کە سەرکردە سەربازییەکانی ئیسرائیل بە پلاندانان بۆ کودەتا تۆمەتبار بکات، لە 17ی ئەم مانگەش یاییر نەتەنیاهوو، کوڕە گەورەکەی نەتەنیاهوو هەمان تۆمەتی ئاراستەی سەرکردە سەربازییەکانی ئیسرائیل کرد.
 
یاییر نەتەنیاهوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی، "ئەوان هەوڵ دەدەن چی بشارنەوە؟ ئەگەر هیچ خیانەتێک نەبێت، بۆچی لەوە دەترسن کە لایەنێکی دەرەکی و سەربەخۆ لێکۆڵینەوە بکات لەوەی چی روویداوە."
 
لە چەند مانگی رابردوودا، چەندین بەرپرسی سەربازی و ئەمنی و سەرکردە سەربازییەکانی ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی 7ی ئۆکتۆبەریان خستووەتە سەر خۆیان، بەڵام نەتەنیاهوو رەتیکردووەتەوە کە بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرێت.
 
زیادبوونی ناکۆکییەکان
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان بنیامین نەتەنیاهوو و سەرکردە سەربازییەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە حەماس و نەبوونی پلانێکی تۆکمە بۆ دوای جەنگەکە زیاتر بووە.
 
نەتەنیاهوو چەندین جار ئەوەی راگەیاندووە، کاری لەپێشینەیان لە جەنگی غەززە ئەوەیە حەماس لەنێوببەن، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاریان لەسەر ئەوە نەداوە دوای جەنگەکە کێ فەرمانڕەوایی غەززە دەکات، سوپای ئیسرائیلیش دەیەوێت ئەوە یەکلایی ببێتەوە.
 
دانیال هەگاری، گوتەبێژی سووپای ئیسرائیل لە 19ی ئەم مانگە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "ناتوانرێت کۆتایی بە حەماس بهێندرێت، حەماس ئایدۆلۆژیایە. ئەوانەی پێیانوایە دەتوانرێت حەماس لەنێوببرێت، هەڵەن."
 
نزیکەی نۆ مانگە جەنگی غەززە بەردەوامە، کە بەهۆی هێرشی حەماس بۆ سەر کۆمەڵگە جوونیشینەکانی ئیسرائیل دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستا ئیسرائیل نەیتوانیوە حەماس لەنێو غەززە دەربکات و غەززەش رووبەڕووی وێرانکارییەکی گەورە بووەتەوە.
 
هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ نێوەندگیری و راگرتنی جەنگەکە تاوەکو ئێستا بەردەوامە، بەڵام جەنگەکە نەوەستاوە و ئاگربەستی هەمیشەیی جێبەجێ نەکراوە.