ئیسرائیل هێرشی کردە سەر رەفەح؛ دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمشەو سوپای ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر شاری رەفەح لە باشووری غەززە دەستپێکرد و تەندروستیی غەززە باس لە کوژرانی 40 کەس لە ئاوارەکان دەکات. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، پێگەی بزووتنەوەی حەماسیان کردووەتە ئامانج. 
 
بەگوێرەی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی حکومی لە غەززە، ئیسرائیل ناوەندێکی ئاوارەکانی لە نزیک رەفەح کردووەتە ئامانج. 
 
میدیای فەلەستین دەڵێت، ئیسرائیل بە "حەوت مووشەک" هێرشی کردووەتە سەر رۆژئاوای رەفەح و بەهۆیەوە لانیکەم 40 کەس کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون. حەماسیش داوای کردنەوەی دەروازەی رەفەح بەڕووی بریندارەکاندا دەکات.
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، فڕۆکەیەکی جەنگییان هێرشی کردووەتە سەر کۆمەڵگەیەکی حەماس "کە جموجۆڵیان تێدا هەبووە."
 
 
گەرچی بەرپرسانی فەلەستینی دەڵێن ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج شوێنی نیشتەجێبوونی کەسانی سڤیل و ئاوارەکانە، سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەکان لەسەر بنەمای زانیاریی "وردی هەواڵگری" لە دژی "شوێنی رێگەپێدراو بەپێی یاسای نێودەوڵەتی" کراون. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، وەکو تەندروستیی فەلەستین دەڵێت و وەکو لە ڤیدیۆکانیشدا دەردەکەوێت، لە هێرشەکەدا دەیان ژن و منداڵ بەر ‌هێرشەکە کەوتوون. 
 
شەوی یەکشەممە، 26-05-2024 میدیای فەلەستین و مانگی سووری فەلەستینی رایانگەیاند، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر خێوەتگەی پەنابەران و "ژمارەیەک قوربانی" لێکەوتەوە.
 
مانگی سووری فەلەستینی لە ئێکس نووسی: "ئەمبوڵانس و تیمە تەندروستییەکانی مانگی سوور ژمارەیەکی زۆری شەهید و بریندار دەگوازنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هێزی داگیرکەر خێوەتگەیەکی پەنابەرانی لە نزیک بارەگای ئونروا کردە ئامانج."
 
ئونروا، ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی. بەگوێرەی مانگی سووری فەلەستینی: "ئەو ناوچەیە لەلایەن ئیسرائیلەوە وەک ناوچەیەکی مرۆیی و سەلامەت دیاریکرابوو."
 
تەندروستیی غەززە هێرشەکەی بە "کوشتارگەی رەفەح" وەسفکرد. میدیای فەلەستینیش دەڵێت: تاوەکو ئێستا 40 کەس کوژراون و دەیانی دیکە بریندارن. "بە حەوت مووشەک کراوەتە سەر تەل سوڵتان لە رۆژئاوای شاری رەفەح."
 
دوای هێرشەکە، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا داوای کرد دەروازەی رەفەح بە رووی بریندارەکاندا بکرێتەوە چونکە "کەرتی تەندروستیی غەززە وێران بووە."
 
تاوەکو ئێستا سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەسەر هێرشەکە نەبووە. 
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە) سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لانیکەم هەشت مووشەک لە رەفەحەوە ئاراستەی ئیسرائیل کران.

 

 
باڵی چەکداریی حەماسیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام رایگەیاند: "لە تۆڵەی ئەو کوشتارگەیەی لە دژی خەڵکی سڤیل لەلایەن زایۆنییەکان دەکرێت، بە چەند مووشەکێک تەلئەڤیڤمان کردە ئامانج."
 
دواتر ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و گوتی: "هێزە ئاسمانییەکانمان لە وەڵامی هێرشەکەی حەماس، هێرشیان کردە سەر رەفەح و مووشەکهاوێژەکەیان تێکشکاند."
 
شاری رەفەح کەوتووەتە باشووری کەرتی غەززە. مانگی رابردوو، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیاری ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ سەر شارەکە دا. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، بوونی چوار کەتیبەی سەربازی لەو شارە هۆکاری ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکەیە. تاوەکو ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل دەرنەبڕیوە و داوایان لێکردووە هەموو رێگەیەک بۆ پاراستنی کەسانی سڤیل بگرێتەبەر. 
 
ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح بە مەترسی بۆ سەر کەسانی سڤیل دادەندرێت؛ پێش جەنگ، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە 275 هەزار کەس بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی باکوور و نێوەڕاستی کەرتی غەززە بووەتە ملیۆنێک و 400 هەزار کەس.