دوای چوار مانگ حەماس مووشەکبارانی ئیسرائیلی کردەوە

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

لەدوای چوار مانگ، جارێکی دیکە بزووتنەوەی حەماس هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر تەلئەڤیڤ دەستپێدەکاتەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 26ی ئایاری 2024، کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازی حەماس، لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، شاری تەلئەڤیڤیان "بە ژمارەیەک مووشەک" کردووەتە ئامانج، ئەوەش "لە وەڵامی کۆمەڵکوژی رژێمی زایۆنی (ئیسرائیل) دژی کەسانی سڤیل." ئەم هێرشە بەیەکەم هێرشی گرووپەکە دادەندرێت بۆ سەر ئیسرائیل لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا. 
 
لە بارەی مووشەکەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە شاری رەفەحەوە هەشت مووشەک ئاڕاستەی نێوەڕاستی ئیسرائیل کراون. دەشڵێت، سیستمی بەرگریی ئاسمانی ژمارەیەک مووشەکیانی خستوونەتە خوارەوە. 
 
ئاژانسی خزمەتگوزاریی پزیشکیی لەناکاوی ئیسرائیل لەبارەی مووشەکەکانەوە بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێکیان لەبارەی زیانی گیانیی مووشەکەکانەوە بەدەست نەگەیشتووە. 
 
شاری رەفەح کەوتووەتە باشووری کەرتی غەززە. مانگی رابردوو، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیاری ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ سەر شارەکە دا. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، بوونی چوار کەتیبەی سەربازی لەو شارە هۆکاری ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکەیە. تاوەکو ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل دەرنەبڕیوە و داوایان لێکردووە هەموو رێگەیەک بۆ پاراستنی کەسانی سڤیل بگرێتەبەر. 
 
ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح بە مەترسی بۆ سەر کەسانی سڤیل دادەندرێت؛ پێش جەنگ، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە 275 هەزار کەس بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی باکوور و نێوەڕاستی کەرتی غەززە بووەتە ملیۆنێک و 400 هەزار کەس. 
 
7ی تشرینی یەکەمی رابردوو، جەنگی ئیسرائیل و حەماس بە هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد. 
 
لەو هێرشەدا هەزار و 170 هاووڵاتیی ئیسرائیل کوژران و لانیکەم 250ی دیکەش لەلایەن بە بارمتە گیران. ئێستا 130یان لای گرووپەکە ماون. 
 
بە گوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی 35 هەزار و 984 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن. هاوکات، 80,420 کەسی دیکەش بریندار بوون.