وەزیرانی بەرگریی سووریا و لوبنان لەسەر کێشەی سنووری نێوانیان کۆدەبنەوە

27-03-2025
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی باڵای لوبنان رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە لە سعودیە وەزیری بەرگریی وڵاتەکەیان لەگەڵ هاوتا سووریاییەکەی بۆ گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی سنوورەکانی نێوانیان کۆدەبێتەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025، بەرپرسێکی باڵای لوبنان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت رایگەیاند، بڕیارە سبەی لە جەدە میشێل میناسا، وەزیری بەرگریی لوبنان لەگەڵ مورهەف ئەبو قەسرا، هاوتا سووریاییەکەی کۆببێتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە بڕیاربوو کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ لە دیمەشق بکرێت. 
 
بە گوتەی بەرپرسانی سووریا، هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکە بەهۆی ئامادەکارییەکانی لوبنان بووە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ. بەرپرسە لوبنانیەکەش دەڵێت، دواخستنەکە هیچ پەیوەندییەکی بەهیچ گرژی و ئاڵۆزییەکەوە نەبووە. 
 
لە سەرەتای ئەم مانگەوە پەیوەندییەکانی سووریا و لوبنان بەرەو خراپی چوون دوای ئەوەی بەرپرسانی دیمەشق حیزبوڵڵای لوبنانیان بە رفاندنی سێ سەربازی وڵاتەکەیان و کوشتنیان تۆمەتبارکرد. گرووپەکەش کە بە نزیک لە ئێران دادەندرێت رەتیکردەوە ئەو کارەیان کردبێت. 
 
کانوونی یەکەمی رابردوو، گرووپە چەکدارەکانی سووریا توانیان رژێمی بەشار ئەسەد بڕوخێنن. دواتر، ئەو گرووپانە حکومەتێکی کاتییان لە سووریا پێکهێنا. لەو کاتەوە وڵاتەکە رووبەڕووی چەند ئاڵنگارییەک لەوانە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانیان، چارەسەرکردنی کێشەی کەمینەکان و پرسی بوونی هێزی بیانی لە وڵاتەکە بوونەتەوە. 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە