رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
![دوو گەنج لە شەقامێکی غەززە کە بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە باڵەخانەکانی وێران بوون. وێنە: AFP دوو گەنج لە شەقامێکی غەززە کە بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە باڵەخانەکانی وێران بوون. وێنە: AFP](https://www.rudaw.net/s3/rudaw.net/ContentFiles/791125Image1.jpg?mode=crop&quality=70&rand=1&scale=both&w=752&h=472&version=6468428)
دوو گەنج لە شەقامێکی غەززە کە بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە باڵەخانەکانی وێران بوون. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازیی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی ئاگربەستی خێرای شەڕ لە غەززە راگەیاند و دەڵێت: "پێویستە کۆتایی بە مەینەتییەکانی گەلی فەلەستین بهێندرێت."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی پەسندکردنی پڕۆژەبڕیارێکی هاوبەشی رووسیا، چین و وڵاتانی عەرەبی بۆ داواکردنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ لە کەرتی غەززە، لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، پشتیوانی خۆیی بۆ بڕیارەکە نیشاندا.
وەزارەتەکە دەڵێت: "پێشوازی لە دەرکردنی بڕیاری خێرا راگرتنی شەڕ لە مانگی رەمەزانی پیرۆز لە غەززە دەکەین، بەو پێیەی ببێتە هۆی راگرتنی بەردەوامی شەڕ و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان."
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە گرنگی دەزانێت هەموو لایەنەکان پابەندی پابەندییەکانیان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ببن و فراوانکردنی گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ هاووڵاتییان لە تەواوی کەرتی غەززە و پاراستنیان.
وەزارەتی دەرەوە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات بۆ راگرتنی "دەستدرێژییەکانی داگیرکاریی ئیسرائیل لە دژی هاووڵاتییان لە کەرتی غەززە"، بەرپرسیارێتیت خۆی بگرێتە ئەستۆ.
دووشەممە، 25-03-2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەنگی لەسەر پڕۆژەبڕیارێکی تایبەت بە داواکردنی ئاگربەستی درێژخایەن و ئازادکردنی بارمتەکان و گەیاندنی دەستبەجێی هاوکاریی مرۆیی بۆ نێو غەززە دا.
دەنگدانەکەی ئەنجوومەنەکە لە کاتێکدایە رۆژی هەینی، رووسیا و چین، پڕۆژەبڕیارێکیان ڤیتۆ کرد، کە لەلایەن ئەمریکاوە پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایش کرابوو. رووسیا ئەوکات گوتی، "پڕۆژەبڕیارەکە لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل دایە."
جەنگی غەززە، کە لە 7ی ئۆکتۆبەری پارەوە سەریهەڵدا؛ کاتێک بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکان و لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و نزیکەی 250 کەسی دیکەش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینەوە بە بارمەتە گیران.
لە بەرامبەردا و لە وەڵامی ئەو هێرشانە، سوپای ئیسرائیل لەسەر زەوی و لە ئاسمانەوە کەرتی غەززەی کردە ئامانج. بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 32 هەزار فەلەستینی کوژراون کە ٪80یان ژن و منداڵن.
لە سەرەتای جەنگەکەوە، ئەنجوومەنی ئاسایش دوو پڕۆژەبڕیاری لەبارەی دۆخی غەززە پەسند کردووە، بەڵام هەردوو پڕۆژەبڕیارەکە تایبەت بوون بە دۆخی مرۆیی و باسیان لە ئاگربەست نەکردووە.
بەردەوامیی جەنگی غەززە لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە، 23ی ئادار، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاندووە زیاتر لە ملیۆنێک دانیشتووی کەرتی غەززە لە دۆخێکی خراپدان و نیوەی ئەو ژمارەیەش لە لێواری برسێتی و قاتوقڕیدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ