رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە رایگەیاند، لەپێناو رەخساندنی دەرفەتی پەرستش بۆ زۆرترین موسڵمان، لە مانگی رەمەزاندا ناتوانرێت زیاتر لە عومرەیەک بکرێت.
بۆ بەجێهێنانی عومرە کە بەتایبەت لە مانگی رەمەزاندا، گوشارەکان لەسەر سعودیە زۆر زیاتر دەبن، وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە بڵاویکردەوە "هەموو کەس مافی یەک عومرەکردنی هەیە لە مانگی رەمەزاندا و رێگە نادرێت لەو مانگەدا دووبارەی بکاتەوە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم رێکارە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکی دیکە بە ئارامی و ئاسوودەیی پەرستش بکەن. هاوکات لەم مانگەدا ناتوانرێت وادەی عومرە بگۆڕدرێت، بەڵام دەتوانرێت لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی تایبەت بە حەج و عومرە "Nusuk" کە سعودیە دروستیکردووە، وادەکەی هەڵبوەشێندرێتەوە.
بەگوێرەی رێنماییە نوێیەکانی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، ئەو کەسانەی ناتوانن لەو ماوەیەی دیاریکراوە عومرەکەیان بکەن، لە ئەپڵیکەیشنەکەدا ناو بە ناو وادەکەیان نوێ دەکرێتەوە.
سعودیە ئەپڵیکەیشنێکی بە ناوی "Nusuk" بۆ ئەو کەسانە دروستکردووە کە حەج و عومرە دەکەن و تێیدا بە چەند زمانێک خزمەتگوزاری پێشکێش دەکرێت.
ئەم گۆڕانکارییانە تایبەتن بە عومرە لە مانگی رەمەزاندا و هیچ کاریگەرییەک لەسەر فەریزەی حەج دروستناکات.
کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاداری ئەمساڵدا رایگەیاند، ساڵی رابردوو دوای رەمەزان، نرخی عومرەكردن لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیكەی 650 دۆلار دابەزی، بەڵام ئەمساڵ نرخی عومرەیەکی ئاسایی لەنێوان هەزار و 200 بۆ هەزار و 400 دۆلارە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی نرخی عومرەی بۆ داواکاریی هۆتێلی نزیک گەڕاندەوە و گوتی ئەگەر عومرەكار هۆتێلی زۆر نزیكی بووێت، نرخەكە زۆر زیاترە. هەروەها باسی لە دروستبوونی گوشارێکی زۆری وڵاتانی عەرەبی لە مانگی رەمەزان کرد و باسی لەوە کرد کە هۆتێل بەئاسانی دەستناکەوێت و نرخەکەشی گران دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ