رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە بەردەم بارەگای ئاکپارتی لە ئەنقەرە رایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی وڵاتەکە سەردانی عێراق دەکات.
دوای کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبردن و بڕیاری ئاکپارتی کە ئێوارەی دووشەممە، 26-2-2024 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
ئەردۆغان لە وەڵامی کۆتا پرسیار کە تایبەت بوو بە عێراق و ئەگەری سەردانیکردن گوتی: "دوای هەڵبژاردن".
چاوەڕێ دەکرێت ئەردۆغان سەردانی بەغدا و هەولێر بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوولا کۆببێتەوە؛ هەریەک لە بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی دوولایەنە و پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان لەو مژارە چاوەڕوانکراوانەن کە لە کۆبوونەوەکاندا قسەیان لەسەر دەکرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەوکاتەی سەرۆکوەزیران بوو لە ساڵانی 2009 و 2011 دوو جار سەردانی عێراقی کردووە. لە سەردانەکەی رۆژی 15-10-2009 لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە و شاندی هەردوولا واژۆیان لەسەر 48 رێککەوتننامە کرد. هەورەها رۆژانی 28 و 29ی ئاداری 2011 سەردانی شارەکانی بەغدا و نەجەف، دواتریش هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
ئەردۆغان یەکەمین سەرۆکوەزیرانی تورکیایە لە مێژوو کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبێت و لەگەڵ بەرپرسانیدا کۆبووبێتەوە.
رۆژی 31ی ئاداری 2024 هەڵبژاردنی شارەوانی لە تورکیا بەڕێوەدەچێت کە تێیدا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ