رووداو دیجیتاڵ
2022 بە خوێناویترین ساڵی گرژییەکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل دادەنرێت لە دوای ساڵی 2005، ئێستاش لەکاتێکدا بەرپرسانی فەلەستین و ئیسرائیل دەیانەوێت بەمەبەستی نزیکبوونەوە کۆببنەوە، چەکدار و ئەندامانی بزووتنەوەی فەتحی فەلەستینی خۆپیشاندان لەدژی ئەو هەنگاوە دەکەن.
چەکدار و ئەندامانی بزووتنەوەی فەتح لە فەلەستین؛ رێپێوان دەکەن و ناڕەزایی لەدژی کۆبوونەوەی لایەنی فەلەستینی و ئیسرائیلی دەردەبڕن، کە بڕیارە ئەمڕۆ (26ـی 2ـی 2023) لە کەناردەریای عەقەبە لە ئوردن بکرێت.
کۆبوونەوەکە بە بەشداریی نوێنەرانی ئوردن، میسر و ئەمریکا دەکرێت و بەگوێرەی رێکخەرانی، ئامانج لێی لێکنزیکبوونەوەی هەردوولایە لەڕووی ئاسایش و سیاسەتەوە.
نوێنەرێکی بزووتنەوەی فەتح لە خۆپیشاندانەکە، قسەی کرد و گوتی "رێککەوتنی کۆبوونەوەی سیاسی و ئاسایش، هەلی زیاتر بۆ ئەنجامدانی تاوان دەڕەخسێنێت. لەوانە ئازاردانی زیندانییان و سەپاندنی سزا بەسەریاندا... داوا لە خەڵکی خۆمان لە هەموو پارێزگاکان دەکەین خۆپێشاندان لە دژی ئەو کۆبوونەوەیە بکەن و وێنەی شەهیدەکانمان و ئاڵای فەلەستین بەرزکەنەوە".
ئەو کۆبوونەوەیەی نێوان بەرپرسانی ئیسرائیل و فەلەستین لەکاتێکدایە، گرژییەکان لە کەرتی رۆژئاوا زۆر روویان لە زیادبوون کردووە. تەنیا لەمساڵدا لە پێکدادانی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و سوپای ئیسرائیل، 62 هاووڵاتی و چەکداری فەلەستینی و 9 هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژراون. 22ـی ئەم مانگەش لە یەک رووبەڕووبوونەوەدا، 11 هاووڵاتی فەلەستینی گیانیان لەدەستدا.
ئەبو عەرەب، چالاکوانی بزووتنەوەی فەتح لەدژی کۆبوونەوەکە دەڵێ "درووشمی ئەمڕۆمان بۆ خوێنە، دروشممان بۆ شۆڕشە، بۆ ئازادکردنی فیداییەکانمانە، دروشممان بۆ ئەوانە نییە کە دەیانەوێت لەم تونێلەدا بێنە دەرەوە".
نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، لەماوەی ئەو ساڵەدا 146 هاووڵاتی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و لە هێرشەکانی فەلەستینیشدا بۆ سەر ئیسرائیل 20 هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ