رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەبارەی هەندێک پرس قسەیان کرد. هاکان فیدان داوای لە عێراق کرد پەکەکە بە رێکخراوی تیرۆریستی بناسێنێت.
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا تیشکمان خستە سەر دۆخ و پێشهاتەکان، بەتایبەتی دۆخی سووریا. لەمبارەیەوە لێکتێگەیشتنی روون لەنێوان هەردوو وڵاتدا سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی نوێی سووریا هەیە. لە پەیوەندیی بەردەوامیشداین لەگەڵ بەرپرسانی نوێی دیمەشق. هەوڵ دەدەین لە زۆر بواردا هاوئاهەنگیمان هەبێت."
فوئاد حوسێن گوتیشی: "هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆمان لەبارەی دۆخی ئەمنی کرد، بەتایبەتی دۆخی تیرۆریستانی داعش لەنێوان سنوورەکانی عێراق و سووریا و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق سەبارەت بەم بابەتە."
22ـی نیسانی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و محەممەد شیاع سوودانی 27 رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد. وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، "گفتوگۆمان لەبارەی میکانیزمی چۆنییەتی جێبەجێکردنی ئەو یاداشتە و لێکێگەیشتنانە کرد. پانتاییەکی فراوانی کاری هاوبەشیش لە بوارەکانی وزە، بەڕێوەبردنی ئاو، بازرگانی، بانکی، دارایی و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت هەیە."
لای خۆیەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: "عێراق دراوسێیەکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە. سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە".
بە بڕوای هاکان فیدان، پەکەکە زیان بە سەروەریی خاکی عێراق دەگەیێنێت و دەڵێت، "هەڕەشەی مەترسیداری بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی دروستکردووە؛ هەروەها تورکیا، عێراق و سووریاشی بە ئامانج گرتووە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای کرد کە لە پێناوی داهاتووی ناوچەکە و ئارامیی گەلەکانیان، هەوڵی هاوبەش بدەن و گوتیشی: "دەبێت هەموو تواناکانمان یەکبخەین و داعش و پەکەکە لەنێوببەین."
هاکان فیدان زیاتر لە بارەی پارتی کرێکارانی کوردستان و هەڵوێستی عێراق لەو بارەیەوە قسەی کرد و رایگەیاند، حکومەتی عێراق، پەکەکەی بە رێکخراوی قەدەخەکراو ناساندووە، بەڵام "چاوەڕوانیی کۆتاییمان لە عێراق ئەوەیە وەک رێکخراوی تیرۆریستیش بیناسێنێت''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ