ئەردۆغان لە پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڕەشە لە هێزە کوردییەکانی رۆژئاوا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنی ئاکپارتی ئەمڕۆ چوارشەممە، دوایین کۆبوونەوەی خۆی لە پەرلەمانی تورکیا ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد و هەڕەشەی لە هێزە کوردستانییەکانی رۆژئاوا کرد. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارەکەیدا گوتی، "بکوژە جوداخوازەکان یان خۆیان ماڵئاوایی لە چەکەکانیان دەکەن یان بە چەکەکانیانەوە لە سوریادا ژێر خاک دەکرێن. ئێمە ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لە نێودەبەین کە دەیەوێت دیوارێک لە خوێن لە نێوان ئێمە و برا کوردەکانماندا دروست بکات". 
 
لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، چەندین بەرپرسی باڵای تورکیا سەردانی دیمەشقیان کردووە. لەنێویاندا ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی و هاکان فیدان وەزیری دەرەوە کە 22ـی مانگ سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام کۆبووەوە.
 
لەبارەی سەردانی بەرپرسانی تورکیا بۆ دیمەشق، هاوسەرۆکی دەم پارتی داوا دەکات سەردانی کۆبانێش بکەن. 
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی سەردانی بەرپرسانی تورکیا دەڵێت، "دەڵێن بۆ بەهێزکردنی زەوینەی گفتوگۆ و هاوبەشی چووینە شام. باشە. بەڕێز کاڵن، بەڕێز فیدان، بۆ ناچنە کۆبانی بۆ بەهێزکردنی زەوینەی هاوبەش؟ ئەوان خۆیان ناچنە ئەوێ، بەڵام فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان دەنێرن. لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆچی رووبەڕوو کۆنابنەوە؟ بۆ ناچیتە ئەوێ؟ بۆچی لەگەڵ ئەوان پەرە بە چالاکیی دیپلۆماسی نادەن؟"
 
سەرۆکی ئیی پارتیش رەخنە لە سیاسەتی تورکیا لە سووریا دەگرێت و هەتەشە بە رێکخراوی تیرۆریستی ناو دەبات و باس لەوە دەکات، "دەڵێن ئۆپۆزیسیۆن لەم کارە تێناگات، تێناگەن کە دەمانەوێت چی بکەین. پێمان دەڵێن بڕوانن لە قەڵای حەلەب ئاڵای تورکیا دەشەکێتەوە، ناتوانن ئەمە ببینن، ناتوانن عەقڵی دەوڵەت بخوێننەوە. بێگومان ناتوانین بخوێنینەوە. ئێمە بەرگریکاری دەوڵەتی تورکین، کام عەقڵەی ئەوانە بخوێنینەوە کە هاوکاری لەگەڵ تیرۆریستان دەکەن؟"
 
دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، تورکیا لە دیمەشق باڵیۆزخانەی کردەوە و دەیەوێ رۆڵێكی کارا لە بونیاتنانەوەی سووریا بگێریت. 
 
چاوڕوان دەکرێت سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی هەینی سەردانی شاری دیمەشق بکات و لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی سووریا کۆببێتەوە و نوێژی هەینیش لە مزگەوتی ئومەوی بکات.