رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ژنێکی خەڵکی غەززە سینییەک نانی بە سەری هەڵگرتووە و لەنێو ماڵە رووخاوەکەیدایە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
میسر لە هەوڵی جێبەجێکردنی پلانێکی فراوانە بۆ راگرتنی جەنگی غەززە و راگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلی و بیانییەکان.
رۆژی دووشەممە، 25ی کانوونی یەکەمی 2023، بەرپرسانی میسری و دیپلۆماتکارانی ئەوروپی، ئاشکرایان کرد، میسر هەوڵێکی فراوانی دیپلۆماسیی لەگەڵ فەتەڕ دەستپپێکردووە و کار لەسەر دەستپێشخەرییەک دەکات، کە لە سێ قۆناخ پێکدێت.
لە قۆناخی یەکەمدا، بۆ ماوەیەکی کاتی شەڕ رادەگیرێت. ماوەکە لە نێوان 10 رۆژ تاوەکو دوو هەفتە دەبێت و تێیدا حەماس 40 بارمتەی سیڤیل ئازاد دەکات و ئیسرائیل 120 زیندانیکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات.
لە قۆناخی دووەمدا؛ درێژە بە ئاگربەستە کاتییەکە دەدرێت و دیلە ئافرەتەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن و ئیسرائیلیش زیندانییە فەلەستینییەکان ئازاد دەکات.
هەر لەو قۆناخەدا بە نێوەندگیری میسر، دانوستاندنی نزیککردنەوەی دەسەڵاتی فەلەستینی و حەماس دەستپێدەکات، ئامانج لێی پێکهێنانی حکومەتێک لە کەسایەتیی فەلەستینی خاوەن ئەزموون.
لە قۆناخی سێیەم و کۆتاییدا، حەماس بارمتەکانی دیکەی سەربازی و سیڤیل ئازاد دەکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی گیراوانی فەلەستین.
هەر لەو قۆناخەدا، سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەچێتە دەرەوە و ئاگربەستی هەمیشەیی رادەگەیێندرێت و کۆتایی بە شەڕەکە دەهێندرێت.
لە هەر سێ قۆناخەکەی وەستاندنی شەڕ، دەبێت ئیسرائیل رێگە بە هاتووچۆی غەززەییەکان بدات نەک تەنیا لە باکوورەوە بەرەو باشوور بەڵکو بە پێچەوانەشەوە؛ جووڵەیەکە لە ئاگربەستی مانگی رابردوو ئیسرائیل لە دژیدا وەستا..
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسانە، پلانەکەی میسر پێشکێش بە ئیسرائیل، حەماس، ئەمریکا، وڵاتانی ئەوروپی کراوە، بەڵام تائێستا پلانەکە لە قۆناخێکی سەرەتاییدایە و زۆر کەمتریشە لە ئامانجە سەرەکییەکەی ئیسرائیل بۆ لەنێوبردنی یەکجارەکی حەماس یان کۆنترۆڵکردنی کەرتەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە لەدوای جەنگەکە.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ کابینەی جەنگی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆببێتەوە، بەڵام نازانرێت ئەو دەستپێشخەرییەی میسر لەو کۆبوونەوەیەدا باس دەکرێت یان نا.
لەلایەکی دیکەوە، ئازانسی دەنگوباسی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، هەریەک لە بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی دەستپێشخەرییەکەی میسریان رەتکردووەتەوە، بەتایبەتی ئەو خاڵەی باس دەستهەڵگرتن لە دەسەڵاتدارێتی غەززە دەکەن، بەرامبەر بە راگەیاندنی ئاگربەستێکی درێژخایەن.
هەردوو گرووپە فەلەستینییەکە لەماوەی هەفتەی رابردوودا، لە قاهیرە لە گفتوگۆدابوون لەگەڵ بەرپرسانی میسری بۆ تاوتوێکردنی ئەو دەستپێشخەرییە، بەڵام هەردوو گرووپەکە پلانەکەیان رەتکردووەتەوە.
هەوڵە نوێیەکانی میسر لەکاتێکدایە. سوپای ئیسرائیل بۆ 80یەمین رۆژ لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە بەردەوام بوو. بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی تەندروستی غەززە، لە 7ی کانوونی یەکەمەوە، زیاتر لە 20 هەزار و 600 فەلەستینی کوژراون و نزیکەی دوو ملیۆن دانیشتووی کەرتەکەشی ئاوارە بوون.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە لەدەستپێکی ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ نێو کەرتی غەززە، لە 27ی تشرینی یەکەمەوە، 156 سەربازی ئیسرائیل کوژراون، ئەمە جگە لەوەی لە سەرەتای هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و 240یشتان بە بارمتە گیران.
مانگی رابردوو، بەنێوەندگیری قەتەر و میسر، ئاگربەستێکی یەک هەفتەیی لە غەززە راگەیێندرا و 110 بارمتە لەلایەن حەماسەوە ئازادکران و لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل 240 گیراوی فەلەستینی ئازاد کرد. ئێستاش 129 بارمتە هێشتا لای چەکدارانی حەماسن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ