رووداو دیجیتاڵ
ئێستا لە بەشێکی وڵاتانی جیهان کوتان بە پێکوتەی دژە کۆرۆنا دەستیپێکردووە ، بەشێکی سەرۆک و بەرپرسە باڵاکان بۆ بەخشینی متمانە و هاندانی خەڵک خۆیان کوتی ، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە هەندیک وڵات پێکوتەی کۆمپانیاکانی فایزەری ئەمریکی و بایۆنتێکی ئەڵمانی بۆ خەڵک بەکار دەهێنرێت.
تورکیا کە زیاتر لە دوو ملیۆن تووشبووی کۆرۆنای تۆمارکردووە ڤاکسینی سینۆفارمی چینی تاقیکردووەتەوە ودەڵێن بە رێژەی ٪91 کاریگەرە. بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو 50 ملیۆن دانە لەو ڤاکسینە بگەنە ئەو وڵاتە. وەزیری تەندروستی عێراقیش رایگەیاند، 16 ملیۆن پێکوتەیان بۆ عێراق مسۆگەرکردووە، بەڵام دیار نییە پێکوتەی کام کۆمپانیایە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو ڤاکسینە هاوبەشەکەی کۆمپانیاکانی فایزەری ئەمریکی و بایۆنتێکی ئەڵمانی لە ئیمارات پەسندکرا و هەر ئەو رۆژەش یەکەمین باری ڤاکسین گەیشتە ئەو وڵاتە. ئێستاش هەڵمەتی کوتان لەو وڵاتە دەستیپێکردووە.
د. حەنان سوەیدی، ئەندامی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە دوبەی گوتی:"هەڵمەتی کوتان لە دوێنێوە دەستیپێکردووە. کارێکی زۆر باش و سەرکەوتووە. خزمەتگوزارییەکە لەلایەن خەڵکییەوە پێشوازییەکی باشی لێدەکرێت. ئێمەش شانازی بەم دەستپێکە دەکەین."
هەروەها لە نەخۆشخانەیەکی شاری مەنامەی پایتەختی بەحرەین هەڵمەتی کوتان بە دوو ڤاکسین دەستیپێکردووە، ئەوانیش پێکووتەی هاوبەشی فایزەر و بایۆنتێک و پێکووتەی سینۆفارمی چینین. خەڵکی بەحرەین بە رێژەیەکی بەرچاو روو لە نەخۆشخانەکان دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان بکوتن.
د. جەلیلە سەیید جەواد گوتی: "هەست بە شانازی دەکەین کە کۆمەڵگەیەکی هۆشیارمان لە بەحرەین هەیە، ئەوەش لە رێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵمەتی کوتاندا دەرکەوت. هەروەها ئەوە رەنگداوەی متمانەی خەڵکی بەحرەینە بەو خزمەتگوزارییە تەندروستیانەی کە حکومەت بۆ هاووڵاتیان دابینیکردوون."
هاوکات لە سعودیە، عومان، قەتەر و کوەیتیش هەڵمەتی کوتان بە پێکوتەی فایزەر و بایۆنتێک دەستیپێکردووە.
رۆژی دووشەممەی رابردوو گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ملیۆنێک و 500 هەزار پێکوتەی فایزەر و بایۆنتێک سەرەتای ساڵی داهاتوو دەگەن و پشکی هەرێمی کوردستانیش پارێزراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ