رووداو دیجیتاڵ
سەرباری ئەوەی حکومەتی عێراق گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ 'موقاوەمەی ئیسلامی' دەستپێکردووە، بەڵام ئەوان گوێی پێ نادەن و بەردەوامن لە هێرشەکانیان. ئەمە ترسی گەورەی خستووەتە دڵی بەرپرسانی عێراق لە هەڕەشە و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خاکەکەیان.
سەبهان مەلا جیاد، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە کەناڵی پەیوەندی هەیە لە نێوان حکومەتی عێراق و گرووپە چەکدارەکان. هەروەها لە نێوان عێراق و فەرماندەی بەرەی موقاوەمە کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، گفتۆگۆ هەن بەو ئاراستەیەی عێراق بتوانێت ئەو چالاکییە چەکدارییانە رابگرێت. لانیکەم لە خاکی عێراقەوە نەبێت، تا دەگەینە چارەسەرێکی سیاسیی گونجاو بۆ ئەم دۆخەی دروستبووە."
حکومەت و وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەنگاوی نێوخۆیی و دەرەکییان لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق گرتووەتە بەر، داواکارییەکانی عێراق بەو ئاراستەیە بوونە کە حکومەتی عێراق جەنگی ناوێت و بەشێک نین لەو جەنگەی دروستبووە."
دکتۆر هیشام عەلەوی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت: "وەزارەتی دەرەوە دەستی بە جووڵەی جیاواز کردووە بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکانی حکومەتی عێراق، تاوەکو بتوانێت عێراق لەو مەترسی و جەنگانەی هەن دووربخاتەوە. پەیامێکمان ناردووە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەن. ئەویش بۆ خستنەڕووی هەڵوێستی عێراق و وەڵامدانەوەی تۆمەتبارکردنی عێراق لەلایەن کیانی ئیسرائیلی و ئەو هەڕەشانەی دەیکەن."
ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبیش کە لەسەر داوای عێراق کۆبووەوە، سەرکۆنەی هەوڵى ئیسرائیلی کرد بۆ فراوانکردنى شەڕ لە ناوچەکە دا، لەوانەش لە بەرامبەر عێراق.
هەموو ئەو هێرشانەی دەکرێن، گرووپە چەکدارەکان دەڵێن بۆ پشتیوانیکردنە لە فەلەستین و لوبنان.
لە ماوەی 20 رۆژی رابردوو دا لانیکەم گرووپە چەکدارەکان کە خۆیان بە موقاوەمی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن 65 هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل. حکومەتی عێراق هەرچی دەکات و دەڵێت، ناتوانێت بەر بەم گرووپانە بگرێت، لەولاشەوە ترسی گەورەی لێ نیشتووە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر عێراق. دۆخێک دروستبووە هەمووانی خستووەتە دڵەڕاوکێوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ