وەزارەتی دەرەوەی ئێران: بارمتە تایلاندییەکان بە دەستپێشخەری ئێمە ئازادکران

25-11-2023
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، لەسەر داوای حکومەتی تایلاند لە قەتەر گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی حەماس کردووە بۆ ئازادکردنی بارمتە تایلاندییەکان و لە ئەنجامدا حەماس 10 لەو بارمتانەی ئازاد کردووە.
 
رۆژی شەممە، 25ـی تشرینی دووەم، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لە سەرەتای شەڕی غەززەوە وەزیری دەرەوەی تایلاند داوای لە وەزیری دەرەوەی ئێران کرد ئاسانکارییان بۆ بکەین بۆ ئازادکردنی دیلە تایلەندییەکانی دەستی بزووتنەوەی حەماس".
 
ناسر کەنعانی دەڵێت: "وەزیری دەرەوەی ئێران ناوی گیراوە تایلاندییەکانی گەیاندووەتە دەستی بەرپرسانی حەماس لە قەتەر بۆ ئەوەی لە کاتی ئازادکردنی گیراوەکان ئەو ناوانە لەبەرچاو بگرن".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەدا، "حەماس پێشوازی لە داواکارییەکەی ئێمە کرد و لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستەکە، بەشێک لە گیراوەکانی تایلاند ئازاد کران".
 
رۆژی هەینی، 24ـی تسرینی دووەم، دوای راگەیاندنی ئاگربەستی کاتی لە غەززە، حەماس 24 بارمتەی ئازاد کرد، هەر ئەو رۆژە ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند؛ "ژمارەی بارمتە ئازادکراوەکان 24 کەسن، کە 13یان ئیسرائیلین، 10 کەسیان تایلاندی و ئەوی دیکەیان فلیپینیە، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل 39 گیراوی فەلەستینیی ئازادکرد.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە