300 هەزار کەس لە غەززە بێ کارەبان؛ 'بە پاتری ئۆتۆمبێل مۆبایلەکانمان بارگاوی دەکەین'

رووداو - غەززە

زیاتر لە دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس لە غەززە کارەبایان نییە، شەوانە ئاسمانی کەرتەکە بە بۆردوومانی ئیسرائیل رووناک دەبێتەوە، خەڵکەکە لەناو ترس و چاوەڕوانی مووشەکدا رۆژدەکەنەوە. لەرێگەی موەلیدە و پاتری ئۆتۆمبێلەکانیانەوە رۆژانە چەند کاژێرێک مۆبایلەکانیان بارگاوی دەکەنەوە. 
 
خەلیل ئەبو زەرقە، هاووڵاتییەکە لە غەززە لەبارەی بێ کارەباییەوە دەڵێت، "لە سەرەتای جەنگدا، کارەبای ناوچەکەمان بەتەواوەتی پچڕا و بەم پاترییە بۆ ماوەی نۆ رۆژ رووناکیمان دابین دەکرد، دواتر ئەویش نەما، بەناچاری رووم کردە قوتابخانەکانی ئاژانسی غەوس بۆ ئەوەی بارگاوی بکەمەوە و کارەکانمانی پێ بەڕێ بکەین. بۆ پڕکردنەوەی غازیش ناچارین لە شاری خان یونس بوتڵێک غاز پڕبکەینەوە، ئێستا ئەمەشیان ئەستەم بووە و ناتوانین پڕی بکەینەوە." 
 
پچڕانی یەکجارەکی تەزووی کارەبا لە کەرتی غەززە، ئازار و مەینەتی دانیشتووانەکەی لە هەموو روویەکەوە زیاتر دەکات. 
 
مەحموود عەسامنە، هاووڵاتییەکی دیکەیە دەڵێت، "غەززە لە حەوتی مانگەوە بە دەست پچڕانی بەردەوامی کارەبا دەناڵێنێت، ئێستاش غەززە بێ کارەبا و ئاوە. دۆخەکە بەڕاستی زۆر کارەساتبارە، مرۆڤ نازانێت بۆ بارگاویکردنی پاترییەکان لە بەرەبەیانەوە روو لە نەخۆشخانە و قوتابخانەکان بکات و لە نۆرەی قەرەباڵخی بارگاویکردنی پاترییەکاندا سەرە بگرێت یان کار بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی دیکەی نەهامەتییەکانی ژیانی بکات."
 
محەممەد ئەبو موسا گوتی. ئێستا ئەوان وەکو دانیشتووانی کەرتی غەززە بە گشتیی وەک فرۆشیار، ئاوارە، دەربەدەر، تووشی قەیرانی زۆر قووڵی کارەبا و ئاو بوونەتەوە لە هەموو روویەکەوە، بەدەست نەهامەتی ژیان دەناڵێنن و ناتوانن خزمەتگوزاری پێشکێشی کڕیارەکانیان بکەن. 
 
لە سەرەتای گەمارۆی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی غەززە، کەرتەکە بەردەوام گرفتی بێ کارەبایی هەبووە کە گەیشتووەتە  50٪، ئەویش بەهۆی سنوورداری توانای کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، کە کەمترە لە 40٪.
 
ژیان لە غەززە بەتایبەتی لە کاتی شەودا زۆر سەخت و دژوارە، بەهۆی ئەوەی زۆربەی بۆردوومانەکان لە کاتی شەودا دەکرێن و بەهاتنی شەو قۆناخێکی دیکە لە نەهامەتییەکانی خەڵکی ئەم کەرتە دەستپێدەکاتەوە.