ئەردۆغان: غەززە بووەتە گەورەترین گۆڕستانی منداڵان و ژنان لە جیھاندا

دوێنێ کاژێر 11:52
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە ئەنجامی ھێرشەکانی ئیسرائیل، "غەززە بووەتە گەورەترین گۆڕستانی منداڵان و ژنان لە جیھاندا."
 
رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەکانی 79یەمین خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی: "لە ساڵانی رابردوودا نەتەوە یەکگرتووەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆیدا ناتەواو بووە و تادێت بۆ پێکھاتەیەکی ناکارامە و بێ ھێز دەگۆڕێت."
 
لە گوتارەکەیدا سەبارەت ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ئەردۆغان رایگەیاند: "لەدەرەنجامی ھێرشەکانی ئیسرائیل، غەززە بووەتە گەورەترین گۆڕستانی منداڵان و ژنان لە جیھاندا. دەسەڵاتی ئیسرائیل بەپێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ھەوڵی پاکتاوی رەگەزی گەلێک دەدات و خاکەکەی داگیر دەکات."
 
رەخنەی لە بێدەنگی میدیای جیهانی گرت و گوتی: "ئیسرائیل لە پەخشی راستەوخۆدا میدیا جیھانییەکانی کۆمەڵکوژ کرد. ھەڵیانکوتایە سەر ئۆفیسی رۆژنامەڤانان و دایانخستن، ئایا ھاوپیشەی ئێوە نین؟". 
 
سەبارەت بە ئاگربەست، رووی دەمی کردە ئەنجوومەنی ئاسایش و رایگەیاند: "ئێوە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ راگرتنی کۆمەڵکوژی غەززە، کاتی نەهاتووە بەم ستەم و دڕندەیە بڵێن ئیدی بەسە؟ چاوەڕوانی چی دەکەن؟".
 
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند: "بۆ راگرتنی تۆڕی کۆمەڵکوژی کە بۆ پاراستنی داھاتووی سیاسی خۆی ھەوڵی تەشەنەپێکردنی جەنگ بۆ ھەموو ناوچەکە دەدات، ئیدی چاوەڕوانی چی دەکەن؟"
 
ئەردۆغان باسی لەوەشکرد: "70 ساڵ لەمەوپێش چۆن بە رێککەوتنێکی مرۆیی ھیتلەر راگیرا، ئێستا پێویستە بە رێککەوتنێکی مرۆیی نەترنیاھوو و تۆڕە تاوانبارەکەی رابگیرێن".
 
ئەردۆغان داوای دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی کرد و گوتی: "دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین کە پایتەختەکەی قودسی رۆژھەڵات بێت و خاوەنی سەربەخۆیی، سەروەری و یەکپارچەیی جوگرافی خۆی بێت، لەوە زیاتر نابێ بخایێنێت".
 
لەبارەی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "لەکاتێکدا پێدەنێینە سێیەمین ساڵی جەنگی ئۆکراینا، کەچی هێشتا لە ئاشتی دوورین. پێشبرکێی چەکدارکردن و پڕچەککردن چەندە بەردەوام بێت، مەودای کاری دیپلۆماسی بەرتەسکتر دەبێت. ھەروەھا لەم قۆناخەشدا بە وردبینییەوە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی مۆنترۆ".
 
سەرۆککۆماری تورکیا داوایەکی دیکەی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد: "ئەمڕۆ دووبارە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکەم کە کۆماری تورکی قوبرسی باکوور بە فەرمی بناسێنن و لە رووی دیپلۆماسیی، سیاسی و ئابووری پەیوەندی پێوە بکەن".
 
جەختیشی کردەوە، "پێویستە یەکسانی ماف و پێگەی یەکسانی تورکەکانی قوبرس دووبارە تۆمار بکرێت و گۆشەگیرکردنیان کۆتایی پێ بێت".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە