کۆچی پێچەوانە؛ لوبنانییەکان بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە دەچنە سووریا

رووداو دیجیتاڵ

لەنێوان لوبنان و سووریا کۆچی پێچەوانە دەستیپێکردووە، دیمەنی سەتان ئۆتۆمبێل لە سنووری لوبنان نۆرەیان گرتووە و دەیانەوێت بچنە نێو سووریا.

بەشێکی لوبنانییەکان لە ترسی بۆردوومانی ئیسرائیل وڵاتەکەیان جێدەهێڵن و روو لە سووریا دەکەن.
 
ئێرەش ناوچەی "جەدیدە یابووسە" لە باشووری رۆژئاوای سووریا نزیک لە سنووری لوبنان؛ هاووڵاتییانی لوبنانی باس لە هۆکاری جێهێشتنی وڵاتەکەیان دەکەن.
 
ئوم عەلی، ئاوارەیەکی لوبنانییە و دەڵێت: "دۆخەکە زۆر زەحمەت و مەترسیدارە، ناتوانیت منداڵت لەو دۆخە جێبهێڵیت. رێگەش زۆر ناخۆش بوو. کەمێک لەمەوبەر گەیشتینە سووریا. منداڵەکانم بەرگەی ئەو دۆخەیان نەدەگرت و نەمدەتوانی لەوێ جێیان بهێڵم." 
 
ئەم شەپۆلی ئاوارەبوونە دوای ئەوە هات، لە 22ی ئەیلوولەوە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆسەر چەند ناوچەیەکی لوبنان چڕبوونەوە. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی سووریا، لە چەند رۆژی رابردوودا لانیکەم 500 کەس چوونەتە نێو سووریا و ژمارەکەش لە زیادبووندایە. 
 
بەشێک لە هاووڵاتییانی سووریاییش کە چەندین ساڵ بوو بەهۆی جەنگی ناوخۆی سووریاوە روویان لە لوبنان کردبوو، ئێستا دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
 
محەممەد حەلووم، ئاوارەی سووریا لە لوبنان گوتی: "رەوشەکە زۆر ئاڵۆزە و رێگەکان زۆربەیان گیرابوون و هەموو جارێک هەوڵی دەربازبوونمان دەدا، بۆردوومان دەکراین. کاژێری شەشی ئێوارەی دوێنێ شەو گەیشتین و بە ئۆتۆمبێل گەیاندیانین و بەرەبەیانەکەی گەیشتینە ئێرە." 
 
بە گوێرەی ئامارەکانی حکومەتی لوبنان، لە 72 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 550 لوبنانی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە هەزار و 800 کەسی دیکەش برینداربوون، ئەوە جگە لە ئاوارەبوونی زیاتر لە 100 هەزار کەس.