بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە سەتان لوبنانی ئاوارەی سووریا دەبن

دوێنێ کاژێر 11:13
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێستا کۆچی پێچەوانە لەنێوان لوبنان و سووریا دەستیپێکردووە و بەشێکی لوبنانییەکان لە ترسی بۆردوومانی ئیسرائیل وڵاتەکەیان جێدەهێڵن و روو لە سووریا دەکەن.
 
سەتان ئۆتۆمبێل لە سنووری لوبنان نۆرەیان گرتووە و دەیانەوێت بچنە نێو سووریا. لە ناوچەی جەدیدە یابووسە لە باشووری رۆژئاوای سووریا نزیک لە سنووری لوبنان؛ هاووڵاتییانی لوبنانی باس لە هۆکاری جێهێشتنی وڵاتەکەیان دەکەن.
 
ئوم عەلی، ئاوارەی لوبنان دەڵێت، "دۆخەکە زۆر زەحمەت و مەترسیدارە، ناتوانیت منداڵت لەو دۆخە جێبهێڵیت. رێگەش زۆر ناخۆش بوو. کەمێک لەمەوبەر گەیشتینە سووریا. منداڵەکانم بەرگەی ئەو دۆخەیان نەدەگرت و نەمدەتوانی لەوێ جێیان بهێڵم."
 
ئەم شەپۆلی ئاوارەبوونە دوای ئەوە هات، لە 22ی ئەیلوولەوە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆسەر چەند ناوچەیەکی لوبنان چڕبوونەوە.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی سووریا، لە چەند رۆژی رابردوودا لانیکەم 500 کەس چوونەتە نێو سووریا و ژمارەکەش لە زیادبووندایە.
 
بەشێک لە هاووڵاتیانی سووریاش کە چەندین ساڵ بوو بەهۆی جەنگی ناوخۆی سووریاوە روویان لە لوبنان کردبوو، ئێستا دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
 
محەممەد حەلووم، ئاوارەی سووریا لە لوبنان دەڵێت، "رەوشەکە زۆر ئاڵۆزە و رێگەکان زۆربەیان گیرابوون و هەموو جارێک هەوڵی دەربازبوونمان دەدا، بۆردوومان دەکراین. کاژێر 06:00ی ئێوارەی دوێنێ شەو گەیشتین و بە ئۆتۆمبێل گەیاندیانین و بەرەبەیانەکەی گەیشتینە ئێرە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی لوبنان، لە 72 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 550 لوبنانی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون و زیاتر لە هەزار و 800 کەسی دیکەش برینداربوون، ئەوەش جگە لە ئاوارەبوونی زیاتر لە 100 هەزار کەس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە