گالەری

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند حیزبوڵڵای لوبنان "پلانی هێرشێکی گەورەتری دانابوو'' و، بەشی زۆری پلانەکەی شکستی پێهێنرا، هەروەها دەڵێ هەزاران سەکۆی هەڵدانی مووشەکی حیزبوڵڵایان تێکشکاندووە.
 
لە راگەیێندراوێکدا، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 25-8-2024) سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "نزیکەی 100 فڕۆکەی جەنگیی هێزی ئاسمانی لەژێر فەرماندەیی فەرماندەیی باکوور و دەستەی هەواڵگری هەڵساون و، هەزاران سەکۆی مووشەکهەڵدانی حیزبوڵڵای تیرۆرستیان تێکشکاند، کە لە باشووری لوبنان جێگیر کرابوون."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، سەکۆکان ئاڕاستەیان بەرەو باکووری ئیسرائیل و هەندێکیشیان بەرەو ناوەڕاستی وڵات بوون.
 
نەداف شوشانی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، حیزبوڵڵا "سەتان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کردووە، زۆربەیان دوای ئەوە بوون، کە ئیسرائیل دەستی بە هێرشەکەی کرد."
 
هەروەها گوتی "ئەمە بەشێک بوو لە هێرشێکی گەورەتر کە پلانی بۆ دانرابوو. توانیمان بەشێکی زۆری پلانەکە بەیانیی ئەمڕۆ شکست پێبهێنین."
 
گوتەبێژەکە ئاشکراشی کرد سوپای ئیسرائیل هێشتا لە قۆناخی هەڵسەنگاندنی ئەنجامی هێرشەکەیە و هێشتاش تەقەکردن بەردەوامە.
 
گوتیشی هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل لەوانەش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەشدار نەبوون لە هێرشەکەی سەر حیزبوڵڵا "ئەوەی بەیانیی ئەمڕۆش روویدا؛ ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بوو."
 
لە بەرامبەردا، حیزبوڵڵای لوبنان "سەرکەوتن"ـی هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند و دەڵێ ئەمە وەڵامێک بوو بۆ کوشتنی فوئاد شوکر، سەرکردەی سەربازیی حیزبوڵڵا لە هێرشێکی ئیسرائیل لە سنووری بەیرووت لە 31ـی مانگی تەممووزی ئەمساڵ.
 
حیزبوڵڵا هەروەها رایگەیاند "هەموو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشکەرەکان لە کاتی دیاریکراودا هەڵدراون و سنووری لوبنان فەلەستینیان بە ڕووی ئامانجی دیاریکراو بڕیوە، بۆیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەمان ئەمڕۆ تەواو بوو و جێبەجێ بوو." دەشڵێ "بانگەشەکانی دوژمن کە دەڵێ هێرشەکەیان بەرپەرچداوەتەوە، بەتاڵن."

 

وێنەکان: AFP