حیزبوڵڵا دەڵێت 320 مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە
رووداو دیجیتاڵ
حیزبوڵڵای لوبنانی رایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی پرۆسەی تۆڵەکردنەوەی فوئاد شوکر، زیاتر لە 320 مووشەکی کاتیوشایان ئاراستەی چەند ئامانجێکی ئیسرائیل کردووە.
رۆژی یەکشەممە، 25-08-2024، بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 320 مووشەکی کاتیوشامان ئاراستەی 11 بنکەی سەربازیی رژێمی زایۆنی کردووە."
حیزبوڵڵا هەروەها بڵاویکردەوە: "قۆناخی یەکەم بە سەرکەوتوویی تەواو بوو. ئامانجی قۆناخی یەکەم ئەوەبوو کە هێرش بکرێتە سەر خاڵ و بنکەکان، بۆ ئەوەی رێگەی ئاراستەکردنی درۆن بۆ نێو قووڵایی خاکیان بکرێتەوە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیل رایگەیاند، چاودێریی حیزبوڵڵای لوبنانیان کردووە کە خۆی بۆ هێرشێک ئامادە کردووە، بۆیە ئیسرائیل هێرشی دەستپێشخەری کردووە. هەروەها ئەمریکایشیان لەو هێرشە ئاگادارکردووەتەوە.
حیزبوڵڵا رایگەیاندووە، "هێرشەکان لە تۆڵەی شەهیدکردنی فوئاد شوکرن." هەروەها دەڵێت، ئەگەر هاووڵاتییانی سڤیل ئازاریان پێبگات، سزایەکی تووندیان دەبێت.
ئیسرائیل بۆ ماوەی 48 کاژێر باری لەناکاوی راگەیاند و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بەپەلە داوای کۆبوونەوەی کابینەکەی کرد. سوپای ئیسرائیل هەروەها داوای لەو کەسانە کرد کە لە سنووری باشووری لوبنانن، ماڵەکانیان جێبهێڵن.
دانیەڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل پێش هێرشەکەی حیزبوڵڵا رایگەیاند: "کەمێک لەمەوبەر، هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل زانییان کە رێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا خۆی بۆ هێرشی مووشەکی ئامادە دەکات. وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی و بۆ لادانی ئەو هەڕەشانە، ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر خاڵەکانی تیرۆریستان لە لوبنان."
دوای هێرشەکان، شۆن ساڤێت، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، رایگەیاند: "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئیسرائیل بۆ بەرگری لەخۆکردن."