شای ئوردن پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە
رووداو دیجیتاڵ
شا عەبدوڵای دووەم کوڕی شا حوسێن، شای ئوردن بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی دا وەکو ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمان.
لە بڕیارەکەدا هاتووە "ئێمە، عەبدوڵای دووەم کوڕی حوسێن، شای شانشینی هاشمیی ئوردنی، بەپێی بڕگەی سێیەمی مادەی 34ـی دەستوور، بڕیاری خۆمان بەمشێوەیە دەردەکەین: ئەنجوومەنی نوێنەران لە رۆژی پێنجشەممە، 25ـی تەمموزی 2024ـی زاینی هەڵدەوەشێتەوە."
بەپێی ئەو مادەیەی ئاماژەی بۆ کراوە؛ شا دەتوانێت ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبوەشێنێتەوە، هەر خۆیشی فەرمانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەردەکات.
لە مادەی 66ـی دەستووری ئەو وڵاتەدا ئەوەش هاتووە؛ کاتێک پەرلەمان هەڵدەوەشێندرێتەوە، ئەنجوومەنی شارەزایانیش کۆبوونەوەکانی رادەگرێت.
پەرلەمانی ئوردن لە 130 ئەندام پێکدێت، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئوردن رۆژی 10ـی ئەیلوولی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران دیاریکرد، دوای مەرسوومێکی شای ئوردن.
بەپێی دەستووری ئوردن، هەڵبژاردن پێش چوار مانگ لە کۆتاییهاتنی خوولی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت، واتە لە مانگی ئەیلوول، بەپێی یاسای نوێی ئەو وڵاتەش ژمارەی پەرلەمانتاران لە 130 بۆ 138 ئەندام زیادکراوە.