لە بەرنامەیەکی فۆکس نیوز دا نێچیرڤان بارزانی وەک بەدیهێنەری ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوی دەهێندرێت

26-06-2024
عەلی زەڵمی
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نووسەرێکی بەنێوبانگی ئەمریکی- بەریتانی دەڵێت، دەکرێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان ببێتە دانوستاندنکارێکی سەرەکی و بەدیهێنەری ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا.  
 
قەنتە ئەحمەد، نووسەری بەنێوبانگی ئەمریکی- بەریتانی و شارەزای کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شەڕی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ حەماسی فەلەستینی و حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند: "لەوانەیە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی کوردستان، یەکێک لە تەنیا کەسایەتییە بێلایەنەکان بێت لە هەموو ناوچەکەدا کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێران، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ عێراق، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیا و پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە و هیچ بەرژەوەندییەکیشی لەم شەڕەدا نییە. دەکرێت سەرۆک نێچیرڤان ببێتە دانوستاندنکاری سەرەکی و بەدیهێنەری ئاشتی،" لەو شەڕەی ناوچەکەی گرتووەتەوە.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی رابردوودا چەند جارێک لەبارەی ئەو دۆخە قسەی کردووە کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتەوە و جەختی لە گرنگی بەدیهێنانی ئاشتی کردووەتەوە.

نێچیرڤان بارزانی رۆژی 14-4-2024 لە دیداری سلێمانی گوتی، "دوای هێرشی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو بۆ سەر ئیسرائیل و رفاندنی دەیان مەدەنی، شەڕێکی وێرانکەر و کاولکارییەکی گەورە لە غەززە دروستبوو. ئەوە کارەساتێکی مرۆیی گەورەیە."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی گوت کە چارەسەر بریتییە لە " چارەسەری دوو دەوڵەت. هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دەکات. ئەوە تاکە رێگەی ئاشتی و سەقامگیرییە."
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و پاڵپشتیی بەشێک لە هەنگاوە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل بەرامبەر بزووتنەوەی حەماس دەکات. کۆماری ئیسلامیی ئێران دژایەتی تووندی ئیسرائیل دەکات و پاڵپشتیی گەورەی حیزبوڵڵای لوبنانی دەکات و هاوکاری حەماسی فەلەستینیش دەکات.
 
بەرپرسانی تورکیاش چەندینجار هاوسۆزییان لەگەڵ حەماس پیشانداوە و رەخنەی تووندیان لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرتووە لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سوپای وڵاتەکەی بۆسەر کەرتی غەززە. ئەم دابەشبوونە وایکردووە، دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانەکە و تەنانەت رێگەگرتن لەگەورەبوونیشی شکست بهێنێت. 
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تاوەکو ئێستا 7 جار سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کردووە بە مەبەستی راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، بەڵام تەنیا یەک جار بە هاوبەشی لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر و میسر سەرکەوتوو بووە لە راگەیاندنی ئاگربەست لە 24-11-2023 تاوەکو 30-11-2023. 
 
شەڕەکە قەیرانێکی گەورەی خوڵقاندووە. تاوەکو ئێستا 37 هەزار و 658 کەس لە کەرتی غەززە لە ئەنجامی شەڕی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل، بۆردوومان و تۆپبارانەکانی سوپای ئیسرائیل کوژراون و 86 هەزار و 237 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
هەر لە 7-10-2023ەوە 1139 ئیسرائیلی لە لایەن حەماس و لە ئەنجامی شەڕی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل کوژراون و 8 هەزار و 730 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە