لە ئوردن ئەوانەی بە ڤیزەی گەشتیاریی خەڵکیان بردووەتە حەج سزادەدرێن

25-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی دادوەریی ئوردن تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤی دایە پاڵ 28 کەس، کە بە هۆکاری گیانلەدەستدانی 99 حاجیی ئوردنی دادەنرێن.
 
ئەنجوومەنی دادوەریی ئوردن، لە راگێیندراوێکدا کە رۆژی سێشەممە، 25ـی حوزەیران بڵاویکردووەتەوە، ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی گەشتکردنی ئوردنییەکان بۆ حەجی ئەم ساڵ لە دەرەوەی پشکی وڵاتەکەی راگەیاند.
 
بەپێی ئەنجوومەنەکە: "داواکاری گشتی بەپێی یاسای قەدەخەکردنی بازرگانیی بە مرۆڤ و یاسای سزاکان، تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و فێڵکردنی بەسەر 28 سکاڵالێکراو سەپاند."
 
بەپێی داواکاری گشتیی ئوردن بڕیاری راگرتنی 19 کەسی داوە، لەنێویاندا ئافرەتێک هەیە، جگە لە قەدەخەکردنی  گەشتکردن لە 10 کەسی دیکە.
 
ئەو 28 کەسە خەڵکیان بە ڤیزەی گەشتیاری بردووەتە مەککە بە مەبەستی حەج.
 
داواکاری گشتیی ئوردن بڕیاریداوە ئەو کۆمپانیایانە دابخرێن کە سەرپێچی یاساییان کردووە و ئاسانکارییان بۆ حەجی بێ مۆڵەت کردووە، بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارە و شتانەشی داوە کە لەو رێگەیەوە بەدەستهاتوون.
 
پشکی ئەم ساڵی ئوردن لە حەج، هەشت هەزار کەس بووە، بەپێی راگەیێندراوەکە داواکاری گشتی لێکۆڵینەوەکانی تەواودەکات، لە رێگەی گوێگرتن لە قوربانییان و کەسوکاری ئەو کەسانەی لە حەج گیانیان لەدەستداوە.
 
حەجکردن لەرێگەی ڤیزای گەشتیاریی، یەکێک بوو لە دیارترین ئەو کێشانەی رووبەڕووی وەرزی حەجی ئەم ساڵ بووەوە کە گیانلەدەستدانی زیاتر لە 1000 حاجی بەدوادا هات.
 
بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، ژمارەی ئەو حاجییانەی هەرێمی کوردستان کە لە وەرزی حەجکردنی ئەم ساڵ گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 31 کەس، تەنیا دوو لەوانە بەفەرمی و لە رێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە رۆیشتوون.
 
ئەم ساڵ نزیکەی 39 هەزار کەس لە عێراقەوە بۆ حەجکردن چوونەتە سعودیە، 4685 یان لە هەرێمی کوردستانەوە چووبوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە