هۆشداری دەدرێت؛ ملیۆنێک کەس لە غەززە مەترسیی بەرزترین ئاستی برسێتییان لەسەرە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاوارەکانی شاری خان یونسی کەرتی غەززە، بۆ زیندوومانەوەی خۆیان و منداڵانیان، پشت بەو خواردنە دەبەستن کە لەلایەن رێکخراوە خێرخوازییەکانەوە پێیان دەدرێت. دۆخەکە بە جۆرێک خراپە کە لە مانگی رابردووەوە، پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی سەر بە UN بە "قاتوقڕییەکی تەواو" ناوی بردووە.
 
منداڵ، ژن و پیاو لە ناوچەکانی غەززە نۆرە دەگرن بۆئەوەی ژەمێک خواردنیان دەستکەوێت، نۆرەگرتنەکەش لەو شوێنانەی کە لەژێر ئاگرباران و ئابڵوقەی تووندی ئیسرائیلدان.
 
یاسین خزر، ئاوارەی غەززە دەڵێت، "دۆخەکە سەختە. نە یارمەتییەک هەیە، نە هیچ. لە رەفەح، یارمەتیی خەڵکمان دەدا، بەڵام لێرە لە خان یوونس، لە کۆمەکی خێرخوازان بەو لاوە، هیچی دیکەمان دەستناکەوێت. هەموو رۆژێک دێینە ئێرە بۆئەوەی خواردنی خێرخوازی بخۆین."
 
هێرشەکانی ئیسرائیل، کە بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 37 هەزار و 600 کەس، 80%ی دانیشتووانی کەرتەکەشیان ئاوارە کردووە. بۆ هەر کوێ بڕۆن، خۆیان لەنێو ژێرخانی وێران و سەر زەویی وردوخاشدا دەبیننەوە.
 
لە دێر بەلەح، ئارد وەکو یارمەتییەکی مرۆیی دەدرێتە خەڵکەکە، بەڵام بەشی دابینکردنی پێداویستییەکانیان ناکات.
 
کەیفییە محەممەد، ئاوارەی کەرتی غەززە دەڵێت، "لێرە دۆخی ئابووری زۆر سەختە. بەدەست هەژاریی تووند و برسێتیی تووندەوە دەناڵێنین. نرخەکان زۆر بەرزبوونەتەوە و هەندێ شتیش هەر نییە و دەستناکەوێت. منداڵانیش گیرۆدەی بەدخۆراکیی تووند بوون."
 
رێکخراوە مرۆییەکان هۆشداری دەدەن، کە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و ئیسرائیل رێگە بە گەیشتنی یارمەتییەکان نەدات، ئەوا تاوەکو نێوەڕاستی تەممووز، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە غەززە رووبەڕووی بەرزترین ئاستی برسێتی دەبنەوە.
 
وێڕای گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئیسرائیل، دۆخەکە بە خراپی ماوەتەوە. ئاگربەست و گەیشتنی یارمەتییەکان، ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک، بۆ غەززەییەکان گرنگترە.