رووداو دیجیتاڵ
لە تۆمارەکانی پلەی گەرمای 24 کاژێری رابردوو، عێراق لە لیستی گەرمترین ناوچە و شوێنەکانی جیهان پاشەکشێی کردووە و عومان شوێنی گرتووەتەوە.
لە 24 کاژێری رابردوودا، 15 ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە وڵاتانی عومان، ئێران، عێراق، سعودیە و ئیمارات لە گەرمترینی جیهان بوون.
گەرمترین ناوچە و شاری جیهان دەمامم بووە لە سعودیە، بە پلەی گەرمیی 49.6ـی سیلیزی. عێراق لە لیستەکەدا تەنیا دوو ناوچەی هەبووە، ئەوانیش بەسرە و فاو بوون، لە کاتێکدا کۆتایی هەفتەی رابردوو و سەرەتای ئەم هەفتەیە 10 شوێنی لیستی گەرمترین ناوچەکانی جیهان لە عێراق بوون.
گەرمترین ناوچەکانی عێراق لەو لیستەدا ریزبەندیی حەوت و نۆیان هەبووە. بەرزترین پلەی گەرما تێیاندا 48.6 و 48.3 پلەی سیلیزی بووە.
وڵاتی عومان لە لیستی 15 گەرمترین ناوچە و وڵاتانی جیهانی شوێنی عێراقی گرتووەتەوە، پێنج ناوچەی ئەو وڵاتە لە گەرمترین ناوچەکان بوون، جگە لەوەی چوار شار و ناوچەی ئێرانیش لە گەرمترینەکان بوون، لیستەکە دوو شاری ئیمارات و دوو لە سعودیەشی تێدایە.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پلەی گەرما بەو نزمییە تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت، لە پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان پلەکانی گەرما نزیکەی 5 بۆ 10 پلە جیاوازی دەبێت لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بەتایبەت لە باشوور."
دەستەی کەشناسیی عێراق پلەکانی تۆمارکراوی گەرمای 24 کاژێری رابردوو کە دەکاتە رۆژی دووشەممە، 24ـی حوزەیرانی بڵاوکردووەتەوە، لە لیستەکەدا هیچ پارێزگایەکی عێراق پلەی گەرمای نەگەیشتووەتە 50 پلەی سیلیزی، بەسرە کە گەرمترینە، 49 پلەی تێدا تۆمارکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ