حووسییەکان: کەشتییەکی یۆنانیمان کردە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتیی هێرشکردنە سەر کەشتییەکی یۆنانییان لە ئەستۆ گرت و دەڵێن جگە لەوە دوو کەشتیی دیکەشیان کردووەتە ئامانج. ئەوان دەڵێن: "دووبارەی دەکەینەوە، هەر کۆمپانیایەک لەگەڵ ئیسرائیل مامەڵە بکات، کەشتییەکانیان دەکەینە ئامانج."
رۆژی هەینی، 24-05-2024 یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان رایگەیاند: "لە دەریای سوور، هێرشمانکردە سەر کەشتیی یانیس کە لەلایەن کۆمپانیایەکی یۆنانییەوە خاوەندارێتی دەکرێت."
سەریع دەڵێت، هێرشەکە لەکاتێک کرا کە "سێ کەشتی سەر بە هەمان کۆمپانیا لە رۆژانی 4 و 5ـی ئایاری 2024 گەیشتنە بەندەرەکانی فەلەستینی داگیرکراو."
لە تشرینی دووەمی 2023ـوە و دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە، حووسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، چەندین هێرشیان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور کردووە. ئەوان دەڵێن: "هێرشەکانمان بۆ فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە هاوسۆزییە."
ناوەندی هاوبەشی زانیاریی دەریایی - JMIC کە لەلایەن هێزێکی دەریایی رۆژئاواوە بەڕێوەدەبرێت، دوێنێ (پێنجشەممە) گوتی: "کەشتییەکە ئاڵای ماڵتای بەسەرەوە بووە و بە مووشەک هێرشی کراوەتە سەر."
بەگوێرەی ئەو ناوەندە دەریاییە و کۆمپانیای ئامبرێی تایبەت بە ئاسایشی دەریایی، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبووە.
هەر ئەمڕۆ، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند: "رۆژی پێنجشەممە دەورووبەری کاژێر 7:26 خولەکی بەیانی بە کاتی سەنعا [هەمان کاتی هەولێر]، حووسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، دوو مووشەکی بالیستییان ئاراستەی دەریای سوور کرد."
گرووپە یەمەنییەکە، ناوچەیەکی زۆری بە سەنعای پایتەختیشەوە لەژێر دەستە؛ دەڵێن، دوو هێرشی دیکەشیان کردووەتە سەر هەریەک لە "کەشتیی ئیسرائیلیی ئێم ئێس سی ئەلێکزاندریا لە دەریای عەرەبی و کەشتیی ئیسرائیلیی ئێسێکس لە دەریای نێوەڕاست." لەبارەی ئەو دوو هێرشە، یەحیا سەریع هیچ زانیارییەکی لەسەر کات و بەروارەکە نەدا.
گوتەبێژەکە هەروەها رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکانی یەمەن هۆشدارییەکەی خۆی بۆ هەموو ئەو کۆمپانیایانە دووبارە دەکاتەوە کە لەگەڵ ئیسرائیل مامەڵە دەکەن، کەشتییەکانتان بەبێ گوێدانە ئەوەی بۆ کوێ دەڕۆن، دەکرێنە ئامانج."
لە کانوونی یەکەمی 2023، ئەمریکا "دەستپێشخەریی ئاسایشی دەریایی بۆ پاراستنی دەریای سوور" راگەیاند. هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان، زۆربەی کۆمپانیاکانی تایبەت بە بازرگانیی ئاویی ناچارکرد رێگەی گەشتەکانیان بگۆڕن، ئەمەش کاریگەریی خستەسەر 12٪ـی بازرگانیی جیهانی.
لە کانوونی دووەمەوە، ئەمریکا و بەریتانیا چەند جارێک هێرشی پێچەوانەیان کردووەتە سەر حووسییەکان.