نەتەنیاهوو: حەماس ئاگربەست بشکێنیت، زۆر بەتووندی وەڵامی دەدەینەوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سوپاسی ئیدارەی بایدنی کرد بۆ پشتگیریکردن لە مافی ئیسرائیل "بۆ بەرگریکردن لە خۆی" دژ بە هەڕەشە و هێرشەکانی حەماس و دەشڵێت، حەماس ئاگربەست بشکێنیت، زۆر بە تووندی وەڵامی دەدەنەوە.
 
لە میانی پێشوازیکردنی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمریکا هەمیشە بەرگریی لە مافی ئیسرائیل کردووە لە بەرگریکردن لە خۆی دژ بە هەڕەشەکانی حەماس و گرووپ و لایەنەکانی دیکە.
 
بە گوتەی نەتەنیاهوو، ئیسرائیل و ئەمریکا پابەندن بەوەی کە جارێکی دیکە حەماس نەتوانێت توانا سەربازییەکانی بنیاتبنێتەوە و گوتیشی، ئەگەر حەماس ئاگربەستەکە پێشێل بکات، ئەوا رووبەڕووی وەڵامی زۆر تووندی ئیسرائیل دەبێتەوە.
 
لەبارەی ئێران و رێککەوتنی ئەتۆمی، نەتەنیاهوو گوتی، "هیوادارین ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران"، چونکە بە گوتەی ئەو "رێککەوتنەکە رێگە بۆ ئێران خۆشدەکات دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات."
 
نەتەنیاهوو رایگەیاند، "گفتوگۆمان لەبارەی ئێران کردووە و ئێمە هیوادارین کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، چونکە ئێمە پێمانوایە ئەو رێککەوتنە رێگە بۆ ئێران خۆشدەکات دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات لەژێر چەتری رەوایەتی نێودەوڵەتییدا. ئێمە لێرە مافی ئیسرائیلمان دووپاتکردەوە لە بەرگریی لە خۆکردن دژی رژێمێک کە خۆی پابەند کردووە بە لەناوبردنی ئیسرائیل و گەیشتن بە چەکی کۆمەڵکوژ بۆ دەستبەرکردنی ئەو ئامانجە."
 
سەردانی بلینکن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
 
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە فڕۆکەخانەی تەل ئەڤیڤ و لەلایەن گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە پێشوازی لێکرا.
 
ئەجیندای سەردانەکەی بلینکن سێ رۆژە و تێدا بڕیارە جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، سەردانی کەناری رۆژئاوا بکات و لەگەڵ مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین و وەزیری دەرەوەیی دەسەڵاتی فەلەستینی کۆببێتەوە.
 
سەرباری ئەو دوو وڵاتە، بڕیارە بلینکن سەردانی ئوردن بکات و لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم و وەزیری دەرەوەی ئوردن کۆببێتەوە و دوا وێستگەکەی سەردانەکەی میسرە کە تێیدا لەگەڵ سیسی، سەرۆکی وڵات و هەروەها وەزیری دەرەوەی کۆدەبێتەوە.
 
لە سەردانەکەی بلینکن چوار ئامانجی سەرەکی دەستنیشانکراون کە ئەوانیش، گەرەنتیکردنی بەردەوامبوونی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس، دروستکردنی ژینگەیەک بۆ ئەوەی جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادان لەنێوانیاندا سەرهەڵنەداتەوە، ئامانجی سێیەمیش پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆییە بە فەلەستین و چوارەم بنیاتنانەوەی کەرتی غەززە، بەڵام بە جۆرێک حەماس سوود لەو پرۆسەیە نەبینێت.