شەڕی ئیسرائیل و حەماس خەونی بووژاندنەوەی ئابووریی غەززەی لەنێوبرد

25-05-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن گرژییەکانی فەلەستین و ئیسرائیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە دوایین ساتەکانی بۆردوومانی 11 رۆژەی غەززە، پێش ئەوەی ئاگربەست رابگەیێندرێت، ئیسرائیل شاری پیشەسازیی غەززەی بۆردوومانکرد. ئەوەش خاوەن کارگەکان و کۆمپانیاکانی غەززەی بە دەردێکی قورس بردووە و خەونی بووژاندنەوەی ئابووریی شارەکەش لەنێوچووە. 
 
بۆردوومانەکە بووە هۆی لەنێوبردنی هەموو ئەو وەبەرهێنانە کە لە ماوەی پێنج ساڵدا وەبەرهێنەران لە کارگەکانیان کردبوویان.
 
نەعیم ئەلسیکسیک، خاوەنی کۆمپانیای سیکسیک دەڵێت، "ئێمە لە 2014دا بۆردوومان کراین و 170 هەزار دۆلار زیانمان بەرکەوت. ئێستا لە 2021 دووبارە بۆردوومان کراین و زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار زیانمان بەرکەتووە. ئێمە هیوادارین رەوشەکە باشتر بێت، بەڵام ئاخر بێزاربووین لەوەی کە هەر پێنج ساڵ جارێک شەڕ دەبێت و هەرچی لەو ماوەیەدا کۆمانکردووەتەوە لەدەستی دەدەین."
 
کارگەکان لە شاری غەززە زیاتر لە بواری بەرهەمهێنانی بۆریی پلاستیکی، مۆبیلیات، بیسکیت و خواردنەوە گازییەکان کاردەکەن. هەندێک لە کارگەکان زیانی کەمیان بەرکەوتووە، هەندێکیان زیانەکانیان قورسترە و ئەوانی دیکەش بە تەواوەتی وێران بوون. ئەو کارگانە چەندین ساڵە هەزاران هەلی کاریان رەخساندووە.
 
بۆردوومانەکان و لەناوبردنی کارگەکان خێزانەکانی لەو شارە هەژارتر کردووە. لە شارێکی دوو ملیۆن کەسی نیوەی ژمارەی دانیشتووانەکەی کە لە تەمەنی کارکردندان، بێکارن.
 
ئەیاد سەوافری، خاوەنی کارگەی مۆبیلیاتە، دەڵێت، "ئێمە لە ناوەندی غەززە دوورکەوتووینەوە و هەرچی پاشکەوتمان هەبووە لە دامەزراندنی ئەم کارگەیە خەرجمان کرد. کارگەکەمان لە شوێنێکدا کە شوێنی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە، وامانزانی بەم شێویە پارێزراو دەمێنین، ئێمە کارگەیەکی گەورەین، بەڵام ئێستا زۆربەی کرێکارانمان بێکاربوون."
 
بۆردوومانەکانی سەر غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە وەڵامی مووشەکبارانی حەماس بوون. لە ماوەی 11 رۆژی شەڕدا، زیاتر لە 245 کەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە کە زیاتر لە 65 یان منداڵ بوون. جگە لە زیانی گیانی، بۆردوومانەکان بوونەتە هۆکاری لەباربردنی خەونی بووژانەوەی ئابووریی ئەو شارە کە دەمێکە بە دەردی هەژارییەوە دەناڵێنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە