حەماس ڤیدیۆی یەکێک لە بارمتەکان بڵاودەکاتەوە کە بە رەچەڵەک ئەمریکییە و ناوی 'هێرش'ـە

رووداو دیجیتاڵ
 
حەماس ڤیدیۆی یەکێک لە بارمتەکان بڵاودەکاتەوە کە دەستی پەڕیوە، تەمەنی 24 ساڵە و ناوی هێرشە. بارمتەکە کە بە رەچەڵەک ئەمریکییە، لە ڤیدیۆکە رەخنە لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەگرێت و پێی دەڵێت، "شەرمت بەخۆت بێت." ئەمریکا دەڵێت لێکۆڵینەوە لە راستی و دروستیی ڤیدیۆکە بەردەوامە.
 
رۆژی چوارشەممە، 24-04-2024، بزووتنەوەی حەماس ڤیدیۆی بارمتەیەکی بڵاوکردەوە کە بە عیبری قسە دەکات. 
 
هەروەک لە ڤیدیۆکە دەردەکەوێت، بارمتەکە دەڵێت، "ناوم هێرش پۆلنە و لە ساڵی 2000 لە ئەمریکا لەدایکبووم."
 
لەکاتی قسەکردن، دەستی هێرش دەردەکەوێت کە پەڕیوە و دەڵێت، "رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر بۆ کات بەسەر بردن چوومە دەرەوە، بەڵام خۆم لەنێو ئەو برینانە بینییەوە."
 
هێرش بە تووندی سەرکۆنەی حکومەتەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، "بنیامین نەتەنیاهوو و حکومەتەکەی، دەبێت ئێوە شەرمتان بەخۆ بێت، چونکە ئێوە ئەو رۆژە ئێمە و هەزاران هاووڵاتی دیکەتان پشتگوێخست. دەبێت ئێوە شەرمتان بەخۆ بێت کە 200 رۆژە ئێمەتان جێهێشتووە و هەموو هەوڵەکانی سوپا شکستیان هێناوە، چونکە بۆردوومانی ئاسمانی نزیکەی 70 بارمتەی وەکو منی کوشتووە. دەبێت ئێوە هەروەها شەرمتان بەخۆبێت چونکە هەموو ئەو رێککەوتنانەی پێشکێشکران رەتکرانەوە. ئەرێ ناتانەوێ ئەو کابووسە کۆتایی پێبهێنن؟".

 

 
دوێنێ چوارشەممە، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ناتوانین ڤیدیۆکە پشتڕاست بکەینەوە هێشتا. ڤیدیۆکە لەلایەن دەزگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI و خانەی وەرگرتنەوەی بارمتەکانەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت. ئەگەر ئەوە راستبێت، ئەوە نموونەیەکی دیکەی حەماسە کە نایانەوێت بارمتەکان ئازادبکەن و کۆتایی بەو جەنگە بهێنن."
 
لە ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەی دیکەدا، ژن و پیاوێک دەردەکەون کە خۆیان وەک دایک و باوکی هێرش دەناسێنن. جۆن پۆلن، باوکی هێرش دەڵێت، "داوا لە هەموو سەرکردە و لایەنەکان دەکەین، کە تاوەکو ئەمڕۆ لە دانوستاندن بەردەوام بوونە، لەوانەش قەتەر، میسر، ئەمریکا، حەماس و ئیسرائیل. بوێربن، وەرنە پێشەوە، ئەمکاتەی ئێستا بقۆزنەوە بۆ ئەوەی رێکبکەون و لەگەڵ ئازیزانمان شادمان بکەنەوە و کۆتایی بەم ئازارە بهێنن."
 
رەیچڵ پۆلنی دایکیشی پەیامێک بۆ هێرش دەنێرێت و دەڵێت: "ئێمە ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لە دوای 201 رۆژ گوێمان لە دەنگت بوو، ئەگەر گوێت لێمانە، خۆشمان دەوێی، بەهێزبە و بمێنەوە."
 
خەلیل حەییە، کە یەکێکە لە بەرپرسە باڵاکانی، لەنوێترین هەڤپەیڤیندا لەگەڵ ئەسۆشیەتید پرێس، بۆ یەکەمجارە ئامادەی گرووپەکەیان رادەگەیەنێت بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی چەکداری لە دژی ئیسرائیل، ئەمەش لەکاتێکدایە زیاتر لە 200 رۆژە جەنگی غەززە بەردەوامە و یەکێک لە دروشمەکانی گرووپەکەش "لەنێوبردنی ئیسرائیل" بووە. 
 
بەڵام لەدوای ‌هێرشەکانی ئەو گرووپە چەکدارییە لە 7ی تشرینی یەکەمی پار کە کردییە سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی باشووری ئیسرائیل و لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران، پێناچێت ئیسرائیل بەو سازشەش رازی بێت کە بەڵێنیداوە حەماس بەتەواوی لەنێوبەرێت. سەرسەختانەش دژی دروستبوونی دەوڵەتێکی فەلەستینە. 
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی حەماس، نوێنەرایەتی ئەو گرووپە دەکات لە دانوستاندنەکانی تایبەت بە راگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان و گیراوە فەلەستینییەکان. 
 
جەنگی غەززە نزیکەی حەوت مانگە بەردەوامە و بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، زیاتر لە 34 هەزار فەلەستینی کوژراون کە لەسەدا 70ی ئافرەت و منداڵن. ئەمەش لەکاتێکدایە ئیسرائیل لەخۆئامادەکردندایە بۆ هێرشکردنە سەر شاری رەفەح لە باشووری غەززە کە ئیسرائیلییەکان دەڵێن دوا خاڵی چەکدارانی حەماسە لەنێو غەززە.