بەرپرسێکی باڵای حەماس: ئەگەر فەلەستین ببێتە دەوڵەت چەک دادەنێین

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای حەماس رایگەیاند، ئەو گرووپە چەکدارییە فەلەستینییە، رازی دەبێت بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ ئاگربەستی درێژخایەن لەگەڵ ئیسرائیل رابگەیێنێت و چەکەکانیان دادەنێن و دەبنە پارتێکی سیاسی، ئەگەر دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین بەگوێرەی سنوورەکانی پێش ساڵی 1967 دابمەزرێت.
 
خەلیل حەییە، کە یەکێکە لە بەرپرسە باڵاکانی حەماس، لە نوێترین هەڤپەیڤیندا لەگەڵ ئەسیۆشەیتد پرێس، بۆ یەکەمجارە ئامادەیی گرووپەکەیان رادەگەییێنێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری لە دژی ئیسرائیل، ئەمەش لەکاتێکدایە زیاتر لە 200 رۆژە جەنگی غەززە بەردەوامە و یەکێک لە درووشمەکانی گرووپەکەش "لەنێوبردنی ئیسرائیل" بووە. 
 
بەڵام لەدوای ‌هێرشەکانی ئەو گرووپە چەکدارییە لە 7ـی تشرینی یەکەمی پار کە کردییە سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی باشووری ئیسرائیل و، لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران، پێناچێت ئیسرائیل بەو سازشەش رازی بێت، کە بەڵێنیداوە حەماس بەتەواوی لەنێوبەرێت. سەرسەختانەش دژی دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینە. 
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی حەماس، نوێنەرایەتی ئەو گرووپە دەکات لە دانوستاندنەکانی تایبەت بە راگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان و گیراوە فەلەستینییەکان.
 
حەییە کە لە ئیستەنبووڵ دەژی، رایگەیاند حەماس دەیەوێت لەگەڵ فەتحی رکابەری، پێکەوە حکومەتێکی یەکگرتوو پێکبهێنن و بەهاوبەشی کەرتی رۆژئاوا و غەززە بەڕێوەبەرن.
 
ئەو دەڵێت "حەماس بەتەواوی رازی دەبێت بە دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی لە کەرتی رۆژئاوا و کەرتی غەززە و گەڕاندنەوەی ئاوارە فەلەستینییەکان بەگوێرەی چارەسەرێکی نێودەوڵەتی." 
 
حەییە گوتی، ئەگەر ئەو رێگەچارەیە جێبەجێ بکرێت، گرووپەکەیان هەڵدەوەشێننەوە. گوتیشی "هەموو ئەزموونی ئەو خەڵکەی لەدژی داگیرکاریی شەڕیان کردووە و دواتر سەربەخۆ بوون و مافەکانیان بەدەستهێناوە، ئەو هێزانە چییان لێهاتووە؟ بوونەتە پارتی سیاسی و هێزە چەکدارەکەشیان بووەتە سوپای نیشتمانی."  
 
لە ساڵی 2007ـەوە کەرتی غەززە لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدایە، کەرتی رۆژئاواش لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی فەلەستینی بە سەرپەرشتی فەتحدایە.
 
جەنگی غەززە نزیکەی حەوت مانگە بەردەوامە و بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 34 هەزار فەلەستینی کوژراون، کە 70٪ـیان ئافرەت و منداڵن. ئەمەش لەکاتێکدایە ئیسرائیل لەخۆئامادەکردندایە بۆ هێرشکردنە سەر شاری رەفەح لە باشووری غەززە، کە ئیسرائیلییەکان دەڵێن دوا خاڵی چەکدارانی حەماسە لەنێو غەززەدا. 
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی حەماس دەڵێت جەنگی غەززە هیچ زیانێکی بە پەیوەندیی و هاوئاهەنگییەکانی نێوان سەرکردەکانی ئەو گرووپە لە دەرەوە و ناوەوەی غەززە نەگەیاندووە، "سەرجەم بڕیارەکان بە راوێژ لەنێو هەردوو گرووپدا دەدرێن و هاوئاهەنگییەکان بەردەوامن." 
 
زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر نیشتەجێن، بەڵام لەماوەی هەفتەی رابردوودا زۆر لەو بەرپرسانە چوونە تورکیا و دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، رەنگە بەرپرسەکانی حەماس نەگەڕێنەوە قەتەر و هەر لە تورکیا بمێننەوە، دەنگۆیەک خەلیل حەییە رەتیکردەوە.