لە رەمەزاندا یەک لەسەر سێی هاووڵاتییانی غەززە دەستیان بە خۆراکی پێویست ناگات

رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا سفرەی رەمەزان لە وڵاتانی ئیسلامی بە خۆراکی جۆراوجۆر دەڕازێنرێتەوە، زۆربەی هاووڵاتییانی کەرتی غەززە لە فەلەستین، دەستیان بە خۆراکی پێویست ناگات.
 
ئەحمەد ئەسعەد، هاووڵاتی غەززەیە و دەڵێ "بەهیواین ئەم رەمەزانە بە باشی و بێ کێشە بڕوات و دووچاری هیچ قەیران و کێشەیەک نەبینەوە. لە رەمەزانی پێشوودا زۆر شەڕ و قەیران هەبوون و کاریگەرییان لەسەر زۆربەی خەڵک هەبوو. جەرگی زۆر کەس سووتا و خانووی زۆر کەس وێران بوو".
 
ئەبو حەماد، هاووڵاتییەکی دیکەی غەززەیە و باسی ئەوە دەکات "ئاکاری ئیسرائیلییەکان دۆخەکە خراپتر دەکات و دەترسین بتەقێتەوە. ئیسرائیل دەبێت بەسەردادانی کەرتی رۆژئاوا و مزگەوتی ئەقسا، کەمبکاتەوە و جەنگەکە رابگرێت".
 
تەنیا لە کەمتر لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 62 فەلەستینی و 14 ئیسرائیلی لە پێکدادانەکاندا کوژراون. لە 2022ـشدا 155 فەلەستینی و 10 ئیسرائیلی کوژراون، کە ئەمەش زۆرترین ژمارەی قوربانییانی شەڕی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلە لەدوای ساڵی 2007ـەوە.
 
عەبیر زەرووب، دایکی شەش منداڵە و لە کەرتی غەززە دەژی، بۆ بەربانگی یەکەم رۆژی رەمەزان کەمێک گۆشتی لەقوتوونراو و پەتاتەی ئامادەکردووە، کە بەخشەر پێیان بەخشیون.
 
عەبیر بەو رەوشە خەمبارە، دەڵێ "ئێمە لە ناوچەیەکداین کە بۆ ژیان گونجاو نییە. دۆخەکە زۆر زۆر سەختە، لە کەشوهەوای رەمەزان ناچێت. منداڵەکان خەمگینن چونکە هەرچەندە بەڕۆژوو دەبن، دۆخی دایک و باوکیان باش نییە و ناتوانن ژەمێکی تەواویان بۆ دابین بکەین".
 
ماڵەکەی عەبیر تەنیا ماڵ نییە کە سفرەکەیان بە خواردنی هەمەجۆر نەڕازابێتەوە. بانکی جیهانی دەڵێت، لە کۆی ئەو 5 ملیۆن دانیشتووانەی لە فەڵەستین دادەنیشن، یەک ملیۆن و 840 هەزاریان دەستیان بە خۆراکی پێویست ناگات، کە 90٪ـی ئەو ژمارەیە لە کەرتی غەززە نیشتەجێن.