شەڕی غەززە.. 'کابینەی جەنگیی ئیسرائیل' لەبەردەم ئەگەری هەڵوەشاندنەوەدایە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی لە حکومەتە راستڕۆکەی نەتانیاهوو، بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی چەند سەربازێکی ئیسرائیلی کوژراوی شەڕی غەززە کرد، جووە نەریتخوازەکان حەز دەکەن ئەو بە "پیاوە بەهێزەکەی ئیسرائیل" ناو ببەن.
 
بن گڤیر، سەرۆکی پارتی "هێزی یەهوودی" هەڕەشە لە کابینەی جەنگیی نەتانیاهوو دەکات و دەڵێت، ئەگەر لە ماوەیەکی کەمدا سەرکەوتن بەسەر حەماسدا بەدەستنەهێنن، پاڵپشتیی شەش پەرلەمانتارەکەی لە حکومەتەکەی نەتانیاهوو دەکشێنێتەوە؛ هەنگاوێكە کە ئەگەری هەیە چاولێکردن لە پارتەکانی دیکەی لێ بکەوێتەوە.
 
بێنی گانتز، ئەندامی کابینەی جەنگیی ئیسرائیل گوتی، "خۆشەویستان، کاتێك کابینەی جەنگمان پێکهێنا و چرای سەوزی شەڕ هەڵکرا، دەمانزانی ئەم شەڕە قوربانیی لێدەکەوێتەوە؛ بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئیسرائیل، دەبووایە هەڵبژێردرایە. ئەوانەی کە قوربانییان داوە جێگەی ستایشن، چونکە ئیسرائیلیان خستووەتە بەردەم بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان."
 
شەڕی غەززە لە هەفتەی سێیەمی مانگی سێیەمدایە؛ هێشتا ئامانجی ئیسرائیل بە کۆتاییهێنان بە حەماس و لەنێوبردنی تونێلەکانی، بەدەستنەهاتووە. گەرچی سوپای ئیسرائیل کوژرانی لانیکەم 5000 چەکداری حەماس و لەنێوبردنی سەتان ناوەندیانی راگەیاندووە، بەڵام لە بەرامبەردا کوژراوانی سوپای ئیسرائیل، بەپێی ئامارەکانی خۆیان، لە 500 نزیک دەبێتەوە، کە 152یان لەنێو غەززە کوژراون.
 
نەتانیاهوو سوورە لەسەر درێژەدان بە شەڕەکە و هەوڵ دەدات شەش کورسییەکەی بن گڤیر بە پارتێكی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن پڕ بکاتەوە لە ئەگەری کشانەوەی پاڵپشتییەکەی لە حکومەت. پارتی "ئیسرائیل ماڵمانە" خاوەنی شەش کورسیی پەرلەمانە و یەکێکە لە بژارەکان.
 
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "هەموومان تێدەکۆشین بۆ کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانەی کە تیرۆریستەکان بۆسەر ئیسرائیل دروستی دەکەن، دەشزانین ئەوە کارێكی ئاسان نییە؛ بەڵام بەڵێن بە ئێوەی کەسوکاری بارمتە و گەلی ئیسرائیل دەدەین حەماسی تیرۆریست لەنێوببەین."
 
حەماس بە ئاگربەستی کاتی رازی نییە و دەڵێت، کارتی بارمتەکان تەنیا بە وەستاندنی تەواوی شەڕ و کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل لە غەززە، دەگۆڕێتەوە. خۆپێشاندانەکانی بەردەم پەرلەمان و باڵەخانەی حکومەتی ئیسرائیلیش بە درووشمی "بارمتەکانمان بە خێرایی بگەڕێننەوە،" بەردەوامن.