لە ئوردن تەقە لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل دەکرێت؛ کوژراو و بریندار هەن
رووداو دیجیتاڵ
کەسێک تەقە لە باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە عەممانی پایتەختی ئوردن دەکات، لەئەنجامدا سێ ئەفسەری پۆلیس بریندار دەبن و هێزە ئەمنییەکان تەقەکارەکە دەکوژن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2024) هێزە ئەمنییەکانی ئوردن رایانگەیاند، کەسێک بە هەڕەمەکی تەقەی لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە گەڕەکی رابیحە لە شاری عەممان کردووە، لە ئەنجامدا سێ ئەفسەری پۆلیسی ئوردن بریندار بوون، دواتر هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە هێرشکارەکە کردووە و لە شوێنی رووداوەکە، کوشتوویانە.
پۆلیسی ئوردن دەڵێ لێکۆڵینەوەیان لە رووداوە دەستپێکردووە و، هاتووچۆش لە ناوچەکانی نزیک لە رووداوەکە قەدەخە کراوە.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7-10-2023ـوە، نزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل، یەکێک بووە لەو ناوچانەی عەممان، کە زۆرترین گردبوونەوە و خۆپێشاندانی دژی هێرشەکانی ئیسرائیل تێدا کراوە.
رووداوەکەی ئەمڕۆ لەکاتێکدایە؛ لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئوردن گازی فرمێسکڕێژیان لەدژی خۆپێشاندەران بەکارهێنا، کە دەیانویست هەڵبکوتنە سەر باڵیۆزخانەکە و بیسووتێنن، ئایمر واسبرۆد، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئوردن، بە هۆکاری ئەمنی وڵاتەکەی جێهێشت و لە ئیسرائیلەوە کارەکانی دەکات.