دانیشتووانی خان یوونس لە کەرتی غەززە دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان

رووداو دیجیتاڵ
 
دانیشتووانی شاری عەبسان لە پارێزگای خان یوونس، ئاگربەستی نێوان چەکدارانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل دەرفەتی پێداون بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان.
 
جیهاد عسفور، خەڵکی غەززەیە و ئاوارە بووە، ئەو دەڵێت، "هاتینەوە بۆ بینینی ماڵەکانمان. وەکو دەبینی، هیچ شتێک وەکو خۆی نەماوە. هەرچۆنێک بێت سوپاس بۆ خودا. ئێمە لە پەناگەیەکدا بووین. تەنیا هاتین بۆ بینینی ماڵەکانمان."
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە 222 هەزار خانوو و شوقە و خاپووربوونی زیاتر لە 40 هەزاری دیکە؛ ئەوەش دەکاتە زیاتر لە نیوەی کۆی یەکەی نیشتەجێبوونی ئەو ناوچەیەی فەلەستین.
 
بۆردوومانەکان زیانیان بە 278 ناوەندی پەروەردەییش گەیاندووە یان بە تەواوەتی خاپووریان کردوون.
 
لەکۆی 35 نەخۆشخانەی کەرتی غەززە 26یان ناتوانن خزمەتگوزاری پێشکێش بکەن.
 
دایکی ئیبڕاهیم عسفور دەڵێت، "هاوکاریمان ناوێت، ئەو خواردن و ئاوەمان ناوێت کە پێمانی دەدەن. ئاگربەستێکمان دەوێت بۆ ئەوەی بتوانین بە سەلامەت بگەڕێینەوە ماڵەکانمان و غەززە بنیات بنێینەوە بۆ ئەەی ببێتە شوێنێکی باشتر لەوەی پێشتر".
 
جەنگەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنێک و 700 هەزار کەس لە دانیشتووانە دوو ملیۆن و 400 هەزار کەسییەکەی کەرتی غەززە.
 
بەگوێرەی تەندروستی غەززەش، لە جەنگەکەدا نزیکەی 15 هەزار کەس لەو ناوچەیەدا کوژراون کە پێنج هەزار و 850 یان منداڵ بوون.