سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئیسرائیل، بەشێک لە ئاوارەکانی غەززە گەڕانەوە ماڵەکانیان
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل سەرلەبەیانی رۆژی هەینی چووە بواری جێبەجێکردنەوە، تەنیا لە ماوەی چەند کاژێری یەکەمی ئاگربەستدا 320 بارهەڵگری هاوکاریی گەیشتنە کەرتی غەززە.
وائیل ئەبو عومەر، بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەی سنووری رەفەح دەڵێت، "گواستنەوەی هاوکارییەکان لە بەیانی هەینییەوە دەستیپێکردووە، نزیکەی 320 بارهەڵگر و حەوت تانکەر گاز و بەنزین دەچنە نێو غەززە".
بەگوێرەی رێککەوتنەکە کە بۆ چوار رۆژە، ئیسرائیل رێگەدەدات رۆژانە 130 هەزار لیتر بەنزین بچێتە نێو کەرتی غەززە، ئەمە جگە لەوەی رۆژانە 200 بارهەڵگری خۆراک و پێداویستیی سەرەتایی بۆ دانیشتووانی غەززە دابین دەکرێت.
هەروەها لە یەکەم رۆژی ئاگربەستدا، 13 بارمتەی ئیسرائیلی و 11 کرێکاری تایلاندی و فلیپینی لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە ئازادکران، لەبەرامبەردا ئیسرائیل 39 بەندکراوی فەلەستینی لە کەرتی خۆرئاوا ئازاد کرد.
لە دۆڵی غەززە کە دەکاتە نێوەڕاستی کەرتەکە، هەندێک لە ئاوارەکان ئاگربەستەکەیان قۆستەوە و گەڕانەوە ماڵەکانیان.
سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل هۆشداریداوە نابێت غەززەییەکان لە باشوورە بەرەو باکوور بگەڕێنەوە.
سەفوان ئەبو عامر، ئاوارەی کەرتی غەززەیە و دەڵێت، "دەگەڕێینەوە بۆ ماڵەکانی خۆمان، بۆ ئەوەی بزانین چی بەسەرهاتووە و لە چی دۆخێکدایە. دەمانەوێت هەندێ پێداویستی وەکو جلوبەرگ و پێداویستی دیکە لەگەڵ خۆمان بهێنین. هیچ شتێکمان نییە. گازی چێشتلێنان، خواردن و خواردنەوە".
سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل چەندینجار رایگەیاندووە شەڕ بەرامبەر چەکدارانی حەماس لە پاش ئاگربەست راناوەستێت، بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەگەری ئازادکردنی بارمتەی زیاتر، ئەوا ئەگەری درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بەهێز دەبێت.