رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئامانجی دەسەڵاتی فەلەستین، راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەییە و ئاماژە بەوەش دەکات ئێستا "غەززە بووەتە ژووری چاودێریی چڕ بۆ 2.5 ملیۆن فەلەستینی".
نەزمی حزووری، کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 24-11-2023، میوانی بووڵتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو.
نەزمی حزووری، هیوای خواست ئاگربەستی نێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بێ پێشێلکاری جێبەجێ بکرێت و گوتی، "غەززە بووەتە ژووری چاودێریی چڕ بۆ 2.5 ملیۆن فەلەستینی. بەو هیوایەین لەم چەند رۆژەدا هەناسەیەک وەربگرن".
کۆنسوڵی فەلەستین هیوا دەخوازێت ماوەی ئاگربەستەکە درێژبکرێتەوە، چونکە "ئاسایش و سەلامەتی گەلەکەمان لە غەززە لەسەروو هەموو شتێکەوەیە؛ گرنگە ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوەی باوک بە دوای تەرمی منداڵەکەی و هاوژینەکانیش بەدوای خۆشەویستە بێ سەروشوێنەکانیاندا بگەڕێن. غەززە وێرانەیە.
کۆی ئەو بۆمبانەی لە غەززە بەکارهاتوون و تەقێندراونەتەوە، بە ئەندازەی هێزی سێ بۆمبی ئەتۆمی بوون. لە ئەنجامی ئەو بۆمبانەدا تاوەکو ئێستا 14 هەزار و 700 کەس کوژراون و زیاتر لە نیوەی ئەوانیش ژن و منداڵن".
کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، هیچ گەرەنتییەک نییە ئاگربەستەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشێل نەکرێت، چونکە "هەمیشە گومان لە مامەڵەی ئیسرائیل هەبووە و لەم ماوەیەشدا بینیمان چۆن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگی لە ئاست کۆمەڵکوژییەکان نواندووە".
لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا، حزووری رایگەیاند، "ئیدارەی بایدن، دەرگەی کۆگەکانی چەکی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل کردەوە و گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرد بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژی لە غەززە ئەنجام بدات. ئەمریکا راوێژکاری سەربازی نارد بۆ ئەوەی پلانی جەنگ دابڕێژن و کەشتی ناردە دەریای نێوەڕاست بۆ پاراستنی ئیسرائیل و تەنانەت وەزیری دەرەوەیان وەک ئەندامێکی لیژنەی جەنگی ئیسرائیل، بەشداری لە کۆبوونەوەکان کرد و هەمیشە هاوسۆز و هاوخەمی ئیسرائیل بوو".
لەبارەی پابەندبوونی بزووتنەوەی حەماس بە بەڵێنەکانییەوە و پێشێلنەکردنی ئاگربەست، نەزمی حزووری رایگەیاند، "قەتەر و میسر گەرەنتی حەماس دەکەن بۆ ئەوەی پێشێلکاری نەکات و پابەندی رێککەوتنەکە بێت، بەڵام کەس گەرەنتی ئیسرائیل ناکات و دەکرێت هەموو کاتێک پێشێلکاریی بکات".
کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، "ئامانجمانە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین بە قودسی پایتەختەوە دابمەزرێت. دەمانەوێت پەنابەرەکان بگەڕێنەوە. ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام باس لە دامەزراندنی دوو دەوڵەت دەکەن، یاسر عەرەفاتیش بەمە رازی بوو و مەحموود عەباسیش بەهەمان شێوە و چەندین رێککەوتنمان کردووە، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەمریکا و ئیسرائیل نایکەن؟ بۆچی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نایکات و بۆچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان لە 30 ساڵی رابردوودا ئەو کارەیان نەکردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ