گالەری

24-11-2023
13 Photos
دیار جەمیل
وێنە: محەممەد سالم - رووداو

کاژێر 07:00 بەیانیی ئەمڕۆ بە کاتی غەززە(08:00 بە کاتی هەولێر)، ئاگربەستی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیل چووە واری جێبەجێ کردنەوە، دوای دەستپێکردنی ئاگربەست بەشێک لە هاووڵاتییانی ئاوارەی غەززە لە ناوچە جیاوازەکانی دیکەوە دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. 
 
محەممەد سالم، پەیامنێری رووداو لە فەلەستین، رۆژی هەینی، 24-11-2023، لە بەردەم قوتابخانەیەک لە خان یونس کە شوێنی مانەوەی ئاوارەکان بوو، گوتی، ئەم قوتابخانەیە زۆرترین ئاوارەی تێدا نیشتەجێیە، لە بەیانیی زووەوە خەڵکەکە بە دڵخۆشییەوە خۆیان ئامادەکردووە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان. 
 
پەیامنێری رووداو باسی لەوەشکرد، لە زۆرینەی ناوچەکانی دیکەش هاووڵاتییان کەلوپەلیان کۆکردووەتەوە و ئامادەکاری دەکەن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان. 
 
لە رۆژی هەینی 24-11-2023، ئاگربەستی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیل دەستیپێکرد و بە گوێرەی رێککەوتنەکەی نێوانیان، ئیسرائیل بۆ هەر بارمتەیەک دەبێت 3 زیندانی فەلەستینی ئازاد بکات. لە ماوەی ئەو چوار رۆژەشدا چەکدارانی حەماس 50 دیلی ئیسرائیلی ئازاد دەکەن. 
 
تاوەکو ئێستا زانیاریی نییە ئەو کەسانە کێن کە ئازاد دەکرێن، بەڵام ژن و منداڵ دەبن. هەروەها ئەو کەسانەی ئازاد دەکرێن، یان ئیسرائیلین یان دوو ناسنامەیان هەیە و کەسانی بیانی نین.